ژماره‌یه‌كی باوه‌ڕپێنه‌كراو.. ئۆكرانیا قه‌باره‌ی زیانه ماددیه‌كانی جه‌نگی وڵاته‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه
بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه داوای حه‌واڵه‌كردنی پاره بلۆككراوه‌كانی رووسیا ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
یۆلیا سه‌فیریدنكۆ، وه‌زیری ئابووری ئۆكرانیا زیانه ئابوورییه‌كانی هێرشی رووسیای له ماوه‌ی 4 هه‌فته و نیودا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، به زیاتر له 560 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده كرد.
وه‌زیری ئابووری ئۆكرانیا له پۆستێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوركرده‌وه، له سه‌ره‌تای جه‌نگی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له 24 فێبرایه‌ر، زیانه ئابوورییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی گه‌یشتوونه‌ته 564 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه وێڕای كاریگه‌رییه ناڕاسته‌وخۆكانی جه‌نگ بۆ سه‌ر ئابووری ئۆكرانیا، له‌وانه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و دابه‌زینی رێژه‌ی به‌كاربردن و پاشه‌كشه‌كردنی داهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت.
سه‌فیریدنكۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، زۆرترینی ئه‌و زیانانه به‌ر ژێرخانی وڵاته‌كه‌ی كه‌وتوون، كه خۆی له وێرانكردن و خاپووركردنی به‌شێك یان ته‌واوی رووبه‌ری 8 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌دا ده‌بینێته‌وه، وێڕای له‌ناوچوونی ده‌یان وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و فڕۆكه‌خانه، كه به 108 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ مه‌زه‌نده ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها باسی وێرانكردنی 10 ملیۆن مه‌تر له رووبه‌ری نیشته‌جێبوون كرده‌وه، زێده‌باری له‌ناوچوونی 200 هه‌زار ئۆتۆمبێل له ماوه‌ی ئه‌و 4 هه‌فته و نیوه‌یه‌دا.
وه‌زیری ئابووری ئۆكرانیا راشیگه‌یاند، به‌رهه‌می ناوخۆیی له ساڵی 2022 به بڕی 102 ملیار یۆرۆ پاشه‌كشه‌ی كردووه، واتا به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2021، رێه‌كه‌ی ده‌كاته 55%.
روونیشیكرده‌وه، پێده‌چێت بودجه‌ی وڵاتی ئۆكرانیا به 43.8 ملیار دۆلار دابه‌زێت، واتا به پاشه‌كشه‌كردنی نزیكه‌ی 90%ی ساڵانی پێشوو.
ئه‌و وه‌زیره ئۆكرانییه دووپاتیكرده‌وه، "ژماره‌كان رۆژانه له گۆڕانكاریدان، به‌داخه‌وه رۆژ به‌ڕۆژ ئه‌و ژمارانه له به‌رزبوونه‌وه‌دان".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ر بۆیه ئۆكرانیا داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دارایی ئه‌و زیانانه ده‌كات، جا چ له‌ڕێگه‌ی بڕیاری دادگاوه بێت، یانیش حه‌واڵه‌كردنی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێستای رووسیا بێت له ئۆكرانیا".
H.B