کوردێک لە بەریتانیا ژنێك لە سووتان رزگار دەکات

پێش گەیشتنی تیمی ئاگرکوژێنەوە ژنەکەی رزگار کردووە

ئەمیر حەمەدئەمین (40 ساڵ)
ئەمیر حەمەدئەمین (40 ساڵ)

K24 - هەولێر:

شۆفێرێکی تاکسی لە بەرە بەیانێکی زوودا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی وەیڵز ژنێك و سەگەکەی لە ئاگری خانووەکەیان رزگار دەکات.

ئەمیر حەمەدئەمین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وێبسایتی "itv" گوتی: "لەکاتی گەڕانەوم شتێکم بینی کە لە ئاگر دەچوو، بە تەواوی دڵنیا نەبووم. بۆیە بڕیارمدا بگەڕێمەوە، کە بینیم کڵپەی ئاگر لە سەقفی خانووەکەوە دێتە دەرەوە، لە خانووەکە نزیکبوومەوە و هۆڕین و رەماشی ئۆتۆبێلەکەم کار پێکرد و دواتر پەیوەندیم بە هێڵی فریاکەوتنەوە کرد، ژمارەی پۆستەی خانووەکەم نەدەزانی، بۆیە ناونیشانی پارکی بەرامبەر خانووەکەم پێدان."

پاشماوەی خانووە سووتاوەکە
پاشماوەی خانووە سووتاوەکە

ئەمیر بەمجۆرە باسی لەساتی رزگارکردنی ژنەکە کرد، "هەوڵمدا دەرگای پێشەوەی خانووەکە بشکێنم بەڵام نەمتوانی، لەپڕێکدا گوێم لە دەنگی سەگێك بوو، زۆر دڵم پێی سووتا، بەدوای شوێنێکدا دەگەڕام تا بچمە ژوورەوە، دواجار توانیم دەرگایەکی پشتەوە بشکێنم و بچمە ژوورەوە، لە ژوورەوە دووکەڵێكی زۆر هەبوو، شڵەژام، گوێم لە دەنگی سەگەکە بوو، بەڵام نەمدەزانی لە کوێیە، لەناکاو ژنێك بە قادرمەکاندا هاتە خوارەوە و پرسیاری سەگەکەی لێکردم، دواتر رێنوێنی ژنەکەم کرد بۆ درەوە و پێمگوت کە تیمی ئاگرکوژێنەوە سەگەکەت رزگار دەکەن."

ئەمیر حەمەدئەمین (40 ساڵ)
ئەمیر حەمەدئەمین (40 ساڵ)

تیمی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی ئاڤۆن توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و تەواوی کۆڵانەکە لە سووتان رزگار بکەن، بەگوێرەی راپۆرتی تیمی ئاگرکوژێنەوە، بەهۆی هەڵەی کارەباییەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

ئەمیر حەمەدئەمین کوردێکی دانیشتووی شاری "نیوپۆرت"ـە لە بەریتانیا، پیشەی شۆفێری تاکسیە و تەمەنی 40 ساڵە.