به‌هۆی هێرشی مووشه‌كیی سه‌ر شاری هه‌ولێر ئه‌مه‌ریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاند
"له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی دیكه‌مان له ناوچه‌كه كار بۆ سزادانی ئێران ده‌كه‌ین"
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، سزای نوێیان به‌سه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به به‌رنامه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی ئێران‌دا سه‌پاندووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ی چاودێری نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ر به وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر بریكاری كڕین و ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای ئێرانی‌دا سه‌پاند، كه ئه‌ركی كڕینی مادده سووته‌مه‌نییه‌كانی تایبه‌ت به دروستكردنی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان له ئه‌ستۆ گرتووه.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ناوی ئه‌و بازرگانه‌ی سزای به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، "محه‌مه‌د عه‌لی حوسێن"ـه و ئه‌و سزایانه سوپای پاسداران و كۆمپانیای "پارچین" بۆ پیشه‌سازییه كیمیاییه‌كانی ئێرانیش گرتووه‌ته‌وه، كه به‌شێكی كارایه له رێكخراوی پیشه‌سازییه به‌رگرییه‌كانی ئێران، هه‌روه‌ك ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر بازرگانێكی دیكه‌ی ئێرانیشدا سه‌پاندووه، كه له كڕینی پارچه به‌كارهاتووه‌كان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی سووته‌مه‌نیی مووشه‌كه بالیستییه‌كان تێوه‌گلاوه.
وه‌ك راشیگه‌یاندووه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا دوای هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر له 13ـی ئه‌م مانگه و هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودییه له 25 ئه‌م مانگه هاتوون، ئه‌مه وێڕای ئه‌و هێرشه مووشه‌كییانه‌ی بریكاره‌كانی ئێران له دژی شانشینی عه‌ره‌بی سعوودییه و ئیمارات ئه‌نجامیداون و وه‌ك دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌و هێرشانه ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، كه تا ئێستاش ئێران له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی به‌رده‌وامه و بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه بریان ئێی، بریكاری وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هه‌واڵگری دارایی گوتی: له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئێران بۆ پلانی كاری هاوبه‌ش به‌رده‌وامه، به‌ڵام له به ئامانجگرتنی ئه‌وانه‌ش سڵ ناكه‌ینه‌وه، كه پاڵپشتی و هاوكاری به‌رنامه‌ی مووشه‌كی بالیستی ئێرانی ده‌كه‌ن. هه‌وره‌ها له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی دیكه‌مان له ناوچه‌كه كار بۆ سزادانی ئێران ده‌كه‌ین، له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكارییه گه‌ورانه‌ی به‌رامبه‌ر به دراوسێكانی ده‌كات.