گرنگی بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی جیهانی وزە

پسپۆڕێکی ئابووری: هەرێمی کوردستان دەبێتە ریزبەندی وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لە یەدەگی وزە

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

د. ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی وزە لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 18:00ـی کوردستان24 وەڵامی چەند پرسیارێکی بێژەر، ژینۆ محەمەدی دایەوە.

د. ئەرشەد تەها لەبارەی گرنگی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی وزە گوتی: "بەشداریکردن لەو کۆڕبەندە ئابووریانە گرنگی خۆی هەیە، بە تایبەتیش کە لە کەنداو بەڕێوەدەچێت، سەرەکیترینیشیان باشترکردنی پەیوەندی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بە تایبەتی کەنداو، ئەزموونەکەی کوردستان بەرەو پێش دەبات، هەروەها سوود لەو پێشکەوتنە دەبینین کە وڵاتانی کەنداو بەخۆیانەوە بینیووە."

لەبارەی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وڵاتانی کەنداو د. ئەرشەد تەها گوتی: "وڵاتانی کەنداو هاوشێوەی هەرێـمی کوردستان زۆرینەیان وڵاتانی نەوتین و توانیوویانە هەنگاوێك بچنە پێشەوە و پشتبەستن بە نەوت کەم بکەنەوە و سێکتەرکانی دیکەی ئابووری برەو پێبدەن، هەرچەندە وڵاتی بچووکن بەڵام سەرکەوتوو بوون بە تایبەتی ئیمارات."

ناوبراو باسی لەوەشکرد کە، "ئەو ئەزموونەی ئیمارات بە 50 ساڵ پێیگەیشتووە، ئێستا کەوتووەتە بەردەست وڵاتانی دیکە و دەتوانن ئەوەی بە 50 ساڵ کرا لە 5 ساڵدا پێی بگەن، چونکە هەبوونی ئەزموونی پێشوەختە وامانلێدەکات، ئەو هەڵانە نەکەین کە ئەوان کردوویانە و راستەوخۆ لەو شوێنەوە دەستپێبکەین کە ئەوان کۆتاییان پێهێناوە."

دەربارەی گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت گوتی: "یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئیمارات ئەنجامیدا، واژوو کردنی ئەو لێکتەگیشتنەیە کە مەسرور بارزانی لەگەڵ حکومەتی ئیماراتی کردی، کە مەبەست لێی کەمکردنەوەی رۆتیناتی کاری وەرەقی حکومەت بوو لەرێگەی بە ئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزاریەکان، کە ئەمەش ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات."

د. ئەرشەد تەها ئاماژەی بەوەشدا، "بەگوێرەی ئەو زانیاری و ئامارە سەرەتاییانەی کە هەیە، هەرێمی کوردستان 5.7 ترلیۆن پێسێجا یەدەگی غازی هەیە، کە ئەمەش وادەکات هەرێمی کوردستان بهێنێتە ریزی ئەو وڵاتانەی کە هەناردەکاری وزەن."

د. ئەرشەد تەها گوتیشی: "بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەرەدەستە، هەرێمی کوردستان دەبێتە ریزبەندی وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لە یەدەگی وزە، ئەگەر بتوانین پەرە بەژێرخانژی وزە بدەین، پێشبینیکراوە کە وڵاتانی کەنداو رۆڵیان هەبێت و وەبەرهێنان بکەن، حکومەتی ئەمەریکاش بودجەی ئەو پرۆژانەی لە ئەستۆ گرتووە و قەرزی داوەتە ئەو پرۆژانە، بۆیە ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا هەموویان ئامادەن هاوکاری ئەو پرۆژە ستراتیجیە بکەن، وەک سەرۆکی حکومەتیش ئاماژەی پێکرد، دەتوانین ببینە ناوەندێکی پێدانی وزە بە تورکیا و عێراق و وڵاتانی ئەوروپیش."

رۆژی 25ـی ئادار/مارسی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێک گەیشتە میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانی وزە کە لە ساری دوبەی بەڕێوەدەچوو و چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە بەشداری تێدا کرد و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، یەکێک بوو لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.