ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی مووچەوە
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گۆڕان: چاوەڕوانی گۆڕانین بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەم هەواڵە
K24 - هەولێر:
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لە بارەی هەواڵێکی کەناڵی کەی ئێن ئێنی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لەو کەناڵە و بزووتنەوەی گۆڕانیش دەکات روونکردەوەی پێویست بدەن.
لە بەشێکی روونکردنەوەدا ئاماژە بەوەکراوە "لە کەناڵی کەی ئێن ئێن هەواڵێکی ناڕێک و ناڕاست بڵاوکرایەوە کە گوایە مووچەی مانگی 3 بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دواخراوە"، بۆیە چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕانن بۆ بەدرۆخستنەوەی هەواڵەکە.
دەقی روونکردنەوەکە:
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کەناڵی کەی ئێن ئێن، کە کەناڵێکی فەرمیی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە هەواڵێکی ناڕێک و ناڕاست بڵاوکرایەوە کە گوایە مووچەی مانگی 3 بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دواخراوە.
لە بەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارێکی سەرەکیی حکومەتە و وەزیری داراییش سەر بەو بزووتنەوەیە، چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەی ئەوانین بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەم هەواڵە و بە پێچەوانەوە، دواتر ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و ئامادەکارییەکان و بەربەستەکانی، دەخەینە ڕوو.
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
4/4/2022