ئەمەریکا کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری بوچا سەرکۆنە کرد
تا ئێستا تەرمی 410 هاووڵاتی مەدەنی دۆزراونەتەوە
K24 - هەولێر:
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەهەمبەر ئەو گرتانەی دوای کشانەوەی سوپای رووسیا لە ناوچەکانی نزیک کیێڤ تۆمار کراون، بەردەوامن.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنیی لە شاری بوچای ئۆکرانیا سەرکۆنە کرد.
ئەنتۆنی بلینکن لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیویەتی "بەتوندی دڕندایەتی ئاشکرای هێزەکانی کرمیلن لە شاری بوچا و تەواوی ئۆکرانیادا، سەرکۆنە و ریسوا دەکەین".
رۆژی یەکی نیسان سوپای ئۆکرانیا توانی شاری بوچای نزیک کیێڤ کۆنترۆڵ بکاتەوە، دوای کشانەوەی سوپای رووسیاش لەو شارە کۆمەڵێک گرتە بڵاوبوونەوە کە تیایاندا بیناکانی شارەکە رووخاون و شەقامەکان پڕن لە تەرم.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو رێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بەرپرسانی کۆمەڵکوژی هاووڵاتییانی مەدەنی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.
لە کۆی ناوچەکانی نزیک کیێڤ کە لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە کۆنترۆڵ کراونەتەوە، 410 تەرمی هاووڵاتی مەدەنی دۆزراونەتەوە.
H.H