متمانە لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان سەندرایەوە
عیمران خان بە تێکدانی دۆخی ئابووری وڵاتەکەی تۆمەتبارە

K24 - هەولێر
پەرلەمانتارانی پاکستان متمانەیان لە عیمران خان سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی سەندەوە.
ئەیاز سەدیقی، پەرلەمانتاری پاکستان رایگەیاند، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی پاکستان توانیان بە دەنگی 174 پەرلەمانتار لە کۆی 342 ئەندامەکەی پەرلەمان، متمانە لە سەرۆک وەزیران بسەننەوە.
سەدیقی ئاماژەیداوە "لە دانیشتنەکەی پەرلەمان، تەنیا ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتارانی پارتەکەی خان ئامادەی دەنگدانەکە بوون".
عیمران خانی، تەمەن 69 ساڵە، لە 2018 بە پشتیوانی سوپای وڵاتەکەی بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەست نیشانکرا، ئێستاش بە تێکدانی دۆخی ئابووری وڵاتەکەی تۆمەتبارە و متمانەی لێ سەندراوەتەوە.
دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان، ناوی شەهباز شەریف تەمەن 70 ساڵ، رابەری پارتی ئۆپۆزسیۆنی پاکستان، بە کاندیدی سەرەکیی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی پاکستان ناوی بڵاوکرایەوە، ئەویش لای خۆیەوە رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکی نوێی بەهێز بۆ بنیاتنانەوەی وڵات پێکدەهێنێت.