بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی خۆی له‌م یانه‌یه‌ بكاته‌وه‌

بارسێلۆنا دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد لە گەڕی رابردووی لالیگا، ئەمجارەیان سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و لە کامپ نۆ میوانداريی رایۆڤایێکانۆ دەکات، بلاوگرانا لە مێژووی لالیگا تەنها یەکجار لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانە مەدریدییەکە دۆڕاوە.

بارسێلۆنا دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک، دواجار هەفتەی رابردوو توانی بردنەوە بەدەست بێنێت و، بگەڕێتەوە پلەی دووەمی ریزبەندی، ئەو یانەیە دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییەش بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ، پارێزگاری لە پلەی دووەمی ریزبەندی بکات.

بلاوگرانا ئەم وەرزە لە کۆی 15 یاریی لە یاریگای خۆی، سی یاریی دۆڕاندووە و 10 یارییان بردووەتەوە، دوایین دۆڕانیشیان لە کامپ نۆ بەرامبەر کادێز بوو لە گەڕی 32ی لالیگا.

پێش یارییەکە چاڤی هێرناندێز باسی لە بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید کرد و راستیەکی لەمبارەوە ئاشکرا کرد و هەروەها باسی لە بارودۆخی چەند یاریزانی یانەکەشی کرد.

چاڤی: بردنه‌وه‌ له‌ بێرنابیۆ مانای بردنه‌وه‌ی نازناو نییه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر رایۆ ڤاییكانۆ گوتی: "راستە ئێمە یارییەکه‌مانی بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریگای ئەوان بردەوە، بەڵام بردنەوە لە بیرنابیۆ مانای بەدەستهێنانی ناسناو نییە و دەبێت ئەو راستیە بزانین."

چاڤی ده‌شڵێت: پیکێ نزیکەی دوو مانگ بە ئازارەوە یاریی دەکات، دڵسۆزی ئەو یاریزانەم بۆ یانەکەی زۆر بە دڵە، یاریی ئەمجارەمان بەرامبەر ڤایێکانۆ زۆر گرنگە و بە بردنەوە لەم یارییە دەتوانین پارێزگاری لە پلەی دووەمی ریزبەندی بکەین ''.

پێش یارییەکە راهێنەری بارسا لیستی ناوی یاریزانەکانی بڵاوکردەوە و جێرارد پیکێ و رۆناڵد ئاراوخۆ کە یاریی رابردوو بەهۆی پێکان دابڕابوون، بۆ ئەم یارییە بانگهێشت کراون، هەرچەندە دەنگۆیەک هەبوو کە ئانسۆ فاتیش بانگهێشت بکرێت، بەڵام ئەو یاریزانە بۆ ئەم یارییەش ناگەڕێتەوە.

بارسێلۆنا دوایین یاری بەرامبەر ڤایێکانۆ لە وەرزی رابردوو لە یاریگای ئەو یانەیە دۆڕاندووە و بە گشتیش بلاوگرانا لە مێژووی لالیگا 13 یاری لە کامپ نۆ بەرامبەر رکابەرە مەدرییەکەی کردووە و تەنها یەکجار دۆڕاوە ئەویش لە ساڵی 2000 بوو.