زیاتر لە 300 پەرلەمانتار بیانووەکەی ئێرانیان بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بە ناڕەوا زانی
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 - ههولێر:
پەرلەمانی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر لە راسپاردەیەکەی شەش خاڵیدا کە ئیمزای 300 پەرلەمانتاری لەسەرە، راگەیاند. لیژنەی لێکۆڵینەوە، بیانووەکەی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکە بە ناڕەوا دەزانن. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان24 باس لە وردەکارییەکانی راسپاردەی لیژنە پەرلەمانییەکە دەکات. ئەو نایشارێتەوە کە زانیویانە تەنانەت بەرپرسانی ئێرانیش لەسەر بیانووی هێرشیان بۆ سەر هەولێر کۆک نەبوونە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، بۆمان دەرکەوتووه هێرشەکە بێ پاساو بووە و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، لە دەرەوەی سنوور هێرشەکە کراوە، مووشەکە بەکارهاتووەکەش لەو جۆرەیە کە تەنیا لە کاتی شەڕدا بەکار دەهێندرێت و خانووەکەش ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، کە لە ناو کوردستان و عێراق وەبەرهێنان دەکات و پهیوەندی بە هیچ دامەزراوەیەکی سیاسییەوە نییە.
دەقی دیمانەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کوردستان24:
كوردستان24: لە راپۆرتی لیژنەکەی ئێوەدا دەرکەوت، کە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ماڵی خەڵکی سڤیل کراوە و پاساوەکەی ئێرانیش راست نییە، رێکارەکانی دوای دەرکەوتنی راستییەکان چین؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: دوای ئەوەی لە بەرەبەیانیی رۆژی 13ی مانگی ئادار هێرشی مووشەکی کرایە سەر هەولێر، پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی دا. هەر دوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان لەو لیژنەیەدا بەشداربوون و سەردانی مەیدانیمان کرد، بۆ ئەوەی لەو تۆمەتانە بکۆڵدرێتەوە، کە گوایە لەو ماڵەدا هەواڵگری لایەنێک کۆبووەتەوە. دواجار لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان کۆبوونەوە کرا. هەر یەک لە وەزیری دەرەوەی عێراق و بریکارەکەی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بانگهێشتی پەرلەمان کران و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک بە چڕی لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەمان کرد.
دواجار بۆمان دەرکەوت کە هێرشەکە بێ پاساو بووە و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، لە دەرەوەی سنوور هێرشەکە کراوە، مووشەکە بەکارهاتووەکەش لەو جۆرەیە کە تەنیا لە کاتی شەڕدا بەکار دەهێندرێت و خانووەکەش ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، کە لە ناو کوردستان و عێراق وەبەرهێنان دەکات و پهیوەندی بە هیچ دامەزراوەیەکی سیاسییەوە نییە. هەوڵێکی زۆر هەبوو کە کاریگەری لەسەر ئەندامانی لیژنەکە هەبێ و ئەنجامەکە ئەوە بێ کە بۆخۆیان نیازیانە، بەڵام تەواوی ئەندامانی لیژنەکە بە نوێنەرانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیشەوە نەکەوتنە ژێر کاریگەرییەوە. بۆیە لە راپۆرتەکەدا باس کراوە کە خانووەکە، ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، ئێران ئاسمان و سەروەری عێراقی پێشێل کردووە.
ئێمە دواتر کۆمەڵێک راسپاردەمان دەرکرد. لایەنی ئێرانی هیچ زانیارییەکی بە بەغدا و هەولێر نەداوە، کە ئیسرائیل لەو شوێنە هەیە و ئەوە تەنیا تۆمەتێک بووە بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشەکەیان. لە راسپاردەکانی لیژنە پەرلەمانییەکەدا هاتووە، کە ئێران دەبێ ئەو هاووڵاتییە سڤیلە قەرەبوو بکاتەوە. داواشمان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کاری لەسەر بکرێ، هەموو بۆ مەحکوومکردنی و هەم بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.
كوردستان24: لە راسپاردەکاندا هاوتووە کە دەبێ ئێران قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، ئایا ئێران ئامادەیە داوای لێبوردن بکات؟ بەراستی قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکاتەوە؟ ئەی ئەگەر نەیکرد دەبی چ بکرێت؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە لەلایەن زیاتر لە 300 ئەندام پەرلەمانەوە ئیمزا کراوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە نوێنەرانی خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە هێرشەکەیان رەتکردووەتەوە. لە راسپاردەکەشدا هاتووە کە ئەمە رەتکردنەوەیەکی سیاسی و جەماوەرییە، نەک تەنیا هی لایەنێکی سیاسی. ئەم راپۆرتە ئاراستەی چەندین لایەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێ. وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی ئێرانی کرد و ئەنجامی سەردانەکەشی بۆ ئێمە روون کردەوە. دیارە بەرپرسانی لایەنی ئێرانیش یەکدەنگ نەبوونە کە چ بیانوویەک بۆ هێرشەکەیان بدۆزنەوە. پەرلەمان کۆکە لەسەر ئەوەی هێرشەکە زیانی بە خانووی هاووڵاتی سڤیل و دامەزراوەی دەورووبەری گەیاندووە و دەبێ بە شێوەی ماددی و مەعنەوەی قەرەبوو بکرێنەوە.
كوردستان24: ئێوە راپۆرتی خۆتان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە بە ئێران دەدەن یان بەنیازن بیگەیەننە دەست پەرلەمانی ئێران بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەروەری خاکی عێراق پێشێل نەکرێت؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: پەرلەمان دامەزراوەیەکی شەرعی چاودێرییە و لە رووی چاودێرییەوە رۆڵی خۆی بینی، ئەو جار دەمێنێتەوە پهیوەندی دیپلۆماسی ئێمە لە رێگەی حکومەتەوە کە بە پێی دەستوور لایەنی پێوەندیدارن بۆ هەڵسوکەوتی رەسمی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەیی و جیهانی. تەنانەت ئەوە رێگربوو لە بەردەم ئەوەی ئێمە باڵیۆزی ئێران بۆ پەرلەمان بانگ بکەین. وەزارەتی دەرەوە دەبێ کار لەسەر راپۆرتەکەی ئێمە بکات و ئیمە بەدواداچوونی بەردەوام دەکەین بۆ ئەوەی بزانین کە هەنگاوەکانی دوای دەرچوونی ئەو راپۆرتە بە کوێ گەیشتوون.
كوردستان24: لە ئەگەری دووبارە بەزاندنەوەی سەروەری عێراق لەلایەن ئێرانەوە، پەرلەمان و حکومەتی عێراقی دەتوانێ لە دادگا نێودەوڵەتییەکان یان ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا دژی ئێران تۆمار بکات؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: بەڵێ بێگومان. یەک لە شەش خاڵی راسپاردەکەی پەرلەمان ئەوەیە کە رێکارە یاساییەکان بگیرێتە بەر، بۆ ئەمجارەش، نەک تەنیا لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی. بابەتێکی دیکە کە ئێمە دووپاتمان لێ کردووەتەوە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوەیە کە ئاسمانی عێراق بەزێندراوە. عێراق کاتێک سەروەرییەکەی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە پێشێل بکرێ، دەتوانێ سکاڵا بکات. حکومەتی عێراق بەم بابەتەوە پابەند کراوە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئاسمانی عێراق دەبێ لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران یان لایەنەکانی دیکە پارێزراو بێ و دەبێ بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو بابەتە حکومەتی عێراق رێکاری پێویست بگرێتەبەر.