ده‌میرتاش: سزای دادگا تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ی سیاسییه
له دادگا هه‌ڵوێستی سیاسی وه‌رده‌گرین
K24 – هه‌ولێر
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پارتی گه‌لانی دیموكراتیك ـ هه‌ده‌په رایگه‌یاند سزای كه دژی ئه‌و دراوه تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ی سیاسییه.
ده‌میرتاش سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌رمانتاران، به‌تایبه‌تی ئه‌و هه‌موو سزا زۆره‌ی كه دژی ئه‌و دراوه به (كوردستان24)ی رایگه‌یاند ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به یاساوه‌نییه، ته‌نیا توله‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌كی سیاسییه. بێجگه له كۆده‌تای كۆشك هیچ شتێكی تر نییه، كه مه‌به‌ستی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی توركیا و شه‌خسی ئه‌ردۆغانه.
ده‌میرتاش هه‌روه‌ها وتی باوه‌ریمان به‌خۆمان هه‌یه كه هیچ تاوانێكمان ئه‌نجام نه‌داوه. ئه‌گه‌ر دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه هه‌بێت، بێ به‌ریمان ده‌كات. به‌ڵام هیچ هیوایه‌كمان به دادگا نییه كه به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه كاره‌كانی به‌ڕێوه ببات.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی دا، وتی له توركیا ئه‌وانه‌ی كه به گه‌نده‌ڵی تۆمه‌نبارن، ب ڕیگه‌ی دادگاوه پاك ده‌كرێن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئیمه به‌هۆی راوبۆچونی سیاسییه‌وه سزا ده‌درێن. ئێمه پاشه‌كشه ناكه‌ین و له كاتی دادگایكردن، هه‌ڵوێستمان به‌ته‌واوه‌تی سیاسی ده‌بێت.