خەزعەلی: ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە هەندێک لایەن شۆک دەبن

"چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەریەکی نوێ دەخاتەڕوو"

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسایب ئەهلولحەق
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسایب ئەهلولحەق

K24 - هەولێر

ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسایب ئەهلولحەق رایدەگەیەنێت: ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەندێک لایەن شۆک دەبن.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسایب ئەهلولحەق لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی نوێژی جەژندا رایگەیاند: "زۆربەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن تێگەیشتوون لەوەی، دەنگی پێویست لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بەدەست ناهێنن، ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە هەندێک لایەن شۆک دەبن".

گوتیشی: "ئەگەر لایەنی بەرامبەر دەستپێشخەرییەکی هەبێت و مافی زۆرینە بپارێزێت، ئەوا بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین و جیا لەمەش، چوارچێوەی لەم هەفتەیەدا دەستپێشخەرییەکی دەبێت بۆ لایەنەکان دەنێریت".

ئەو ماوە نزیکبووەتەوە کە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دیار کردبوو کە لە ماوەی 45 رۆژدا بتوانن کابینەی حکومەت پێکبێنن.