ئەمەریکا: کۆریای باکوور رەنگە لەم مانگەدا تاقیکردنەوەی ناووکی ئەنجام بدات
تاقیکردنەوەکە دەکرێت هاوکات بێت لەگەڵ سەردانەکەی بایدن بۆ کۆریای باشوور
K24 - هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017ـەوە تا ئێستا، کۆریای باکوور سەرقاڵی ئامادەکردنی تاقیکردنەوەی ناووکییە کە رەنگە لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەنجامی بدات.
جالینا پۆرتەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بە گوێرەی هەڵسەنگاندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆریای باکوور لە بنکەی سەربازی Punggye-ri رەنگە سەرقاڵی ئامادەسازی بێت بۆ تاقیکردنەوەی ناووکی کە ئەگەری هەیە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.
پۆرتەر گوتیشی: "ئەم هەڵسەنگاندنە هاوکاتە لەگەڵ دوایین لێدوانی فەرمی کۆریای باکوور، ئێمە زانیاریەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا هاوبەشی پێکردووە و بەردەوامیش دەبین لە هاوئاهەنگی کردن لەگەڵیان."
کۆریای باکوور لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە کۆی گشتی، شەش جار تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام داوە.
تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکوور دەکرێت هاوکات بێت لەگەڵ سەردانەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆریای باشوور کە چاوی بە سەرۆکی هەڵبژێردراو، یۆن سوک یۆل دەکەوێت و لەگەڵی کۆدەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیای فەرمی کۆریای باکوور لە کۆتایی مانگی رابردوو بڵاویکردبووەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵاتەکەیان داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیان، لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن، بۆ لەناوبردنی دوژمن.
سەرچاوە: AFP
H.H