سیئۆل: کۆریای باکوور تەنێکی نەناسراوی هاویشتە دەریاوە

"کۆریای باکوور رەنگە سەرقاڵی ئامادەسازی بێت بۆ تاقیکردنەوەی ناووکی"

وێنەی میدیای فەرمی کۆریای باکوور لە تاقیکردنەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیک لە کانوونی دووەمی 2022
وێنەی میدیای فەرمی کۆریای باکوور لە تاقیکردنەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیک لە کانوونی دووەمی 2022

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئایاری 2022، بەرپرسە باڵاکانی سوپای کۆریای باشوور رایانگەیاند، کۆریای باکوور تەنێکی نەناسراوی هاوشێوەی مووشەکیان هەڵداوەتە دەریای رۆژهەڵاتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، دوواین چالاکی کۆریای باکوور دوای سێ رۆژ لە تاقیکردنەوەی مووشەکە نوێکەی دێت، ئەمانەش لەکاتێکدان کە نیگەرانیەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێ لەبارەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ناووکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە تا دێت زیاتر دەبن.

بۆ زیاتر پشت راستکردنەوەی بابەتەکە، پاسەوانی کەنارەکانی ژاپۆن رایانگەیاند، کۆریا تەنێکی نەناسراوی هەڵداوە "بە ئەگەری زۆرەوە مووشەکی بالیستیە".

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی 6ـی ئایاری 2022، جالینا پۆرتەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، بە گوێرەی هەڵسەنگاندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆریای باکوور لە بنکەی سەربازی Punggye-ri رەنگە سەرقاڵی ئامادەسازی بێت بۆ تاقیکردنەوەی ناووکی کە ئەگەری هەیە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.

پۆرتەر گوتیشی: "ئەم هەڵسەنگاندنە هاوکاتە لەگەڵ دوایین لێدوانی فەرمی کۆریای باکوور، ئێمە زانیاریەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا هاوبەشی پێدەکەین و بەردەوامیش دەبین لە هاوئاهەنگی کردن لەگەڵیان."