کچە کوردێک دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی گڵاسکۆ

رۆزا ساڵح: هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پەنابەران لە سکۆتلەندا

K24 - هەولێر

رۆزا ساڵح، کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر رووی کردووەتە بەریتانیا و دواتر بووەتە ئەندام لە پارتی سەربەخۆخوازانی سکۆتلەندا SNP، لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی وەک یەکەم پەنابەر بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی گڵاسگۆ هەڵبژێردرا.

لە دوای سەرکەوتنەکەشی رۆزا رایگەیاند، هەرگیز بڕوای نەدەکرد کە دەگاتە ئەو ئاستە و وەکو کچە پەنابەرێک دەبێتە ئەندامی شارەوانی یەکێک لە شارە بەناوبانگەکانی سکۆتلەندا.

رۆزا ساڵح، گوتی: "باوەڕم نەدەکرد، چونکە من 20 ساڵ لەمەوبەر وەک پەنابەر رووم کردووەتە ئێرە ئێستا دەبم بە ئەندامی ئەنجومەنی شاری گڵاسگۆ، زۆر سوپاسی بنەماڵەکەم و خەڵکی ئەم شارە دەکەم کە متمانەیان بە تواناکانی من هەیە".

گوتیشی: "هەموو کارێک دەکەم بۆ پێشخستنی شارەکە، وەک ئەندامێکی پەنابەر هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پەنابەران لە سکۆتلەندا، چونکە کاتێک وەک پەنابەر دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەیت ئەستەمە".