پارتی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی بڵاوكرده‌وه
له راگه‌یه‌ندراوێكدا ته‌واوی بڕیار و راسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو
K24- هه‌ولێر:
پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی به‌ڕێوه‌چوو و ته‌واوی بڕیار و راسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له شه‌ش ته‌وه‌ردا خسته‌ڕوو.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، رێكه‌وتی 8/5/2022 به سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆك، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی گرێدا و تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی ژماره‌یه‌ك ته‌وه‌ری جیاواز كرا.
له ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی عێراق كرا، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پرۆسه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی (رزگاریی نیشتمانی) كه له سێ لایه‌نی براوه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی شیعه و كورد و سوننه (ره‌وتی سه‌در، پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی سیاده) پێكهاتوون.
هه‌روه‌ها باس له كێشه و گرفته‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و هه‌وڵه‌كانی نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كان و شكاندنی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی كرا، كه خۆی له زنجیره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له رۆژانی داهاتوودا ده‌بینێته‌وه.
هه‌وره‌ها جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "داكۆكی له ته‌واوی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و دروستكردنی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ش: ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ و دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگای فیدراڵ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و دانانی یاسای نه‌وت و غاز".
له ته‌وه‌ری دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان كرا، تیشك خرایه سه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ كۆبوونه‌وه و سه‌ردانیكردنی ته‌واوی لایه‌نه‌كان، به‌وانه‌شه‌وه كه هیچ كورسییه‌كیان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ده‌ستنه‌هێناوه و مافی به‌شداریكردنیان له بڕیاری سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ هه‌یه.
هه‌وره‌ها دووپاتكراوه‌ته‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌باش زانرا، هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ و لێكتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی چڕبكرێنه‌وه، هه‌روه‌ها له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه بۆ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی. داواشی له هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد، هه‌وڵی له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه و كاری هاوبه‌ش بده‌ن.
هه‌رچی ته‌وه‌ری سێیه‌م بوو، تایبه‌ت بوو به دۆخی ناوچه‌كه به گشتی و جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی دوولایه‌نه و له‌به‌رچاوگرتنی ئاسایش و سه‌قامگیری كوردستان و ئه‌و وڵاتانه كرایه‌وه.
هه‌وره‌ها باسی ئه‌وه‌ش كرا، كه نابێت لایه‌نه سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ببنه هۆكاری دروستكردنی كێشه و گرفتی سیاسی و ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێویسته ره‌چاوی بارودۆخه‌كه بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ری چواره‌م، تایبه‌ت بوو به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و جه‌خت له به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌كاتی خۆیدا كرایه‌وه و پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه كرا، كه ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵسێت و كۆمسیۆن كارا بكرێته‌وه، له هه‌مان كاتدا داواش له لایه‌نه سیاسییه‌كان كرا، را و بۆچوونه‌كانیان له‌یه‌كتر نزیك بكه‌نه‌وه و به جۆرێك له رێككه‌وتن بگه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان پهكنهخرێت.
له ته‌وه‌ری پێنجه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی پشتوانی خۆی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی چاكسازی حكومه‌ت راگه‌یاند.
له ته‌وه‌ری شه‌شه‌مدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی پارتی كرا و دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ل و مه‌رجه‌كان، ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌ركرد:
1- پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، كه سێ له ئه‌ندامه‌كانی كۆچی دواییان كردووه، بۆیه بڕیاردرا سێ ئه‌ندامی دیكه‌ی یه‌ده‌گ شوێنی ئه‌وان بگرنه‌وه.
2- به‌ستنی كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌می پارتی له وه‌رزی پایزی ئه‌مساڵ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به مه‌كته‌بی سیاسی درا، بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ی ئاماده‌كار و لیژنه‌كانی دیكه، به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی.



H.B