"یاریزانێكی پێشووی ئایاكس كوژرا"
جۆدی لۆکۆکی یاریزانی پێشووی ئەیاکس ئامستردام لە تەمەنی 29 ساڵی گیانی لەدەست دا.
یانەی توێنتی ئەنشخیدەی هۆڵەندی لە بەیاننامەیەکی فەرمی پرسەنامەی ئاراستەی خانەوادەی جۆدی لۆکۆکی کردووە کە بۆ ماوەیەک یاریی بۆ یانەکەیان کردووە و تا ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانی لۆکۆکی نادیارە و چەند سەرچاوەیەکیش هێمایان بۆ ئەوە کردووە ئەم یاریزانە لە رووداوێک لە یانەیەکی شەوانەی هۆڵەندا کوژراوە.
لۆکۆکی پێشتر یاریی بۆ یانەکانی زڤۆلێ و ئەیاکس و توێنتی هۆڵەندی کردووە لەگەڵ یانەکانی لۆدۆگۆرێتسی بولگاری و یەنی مالاتیای تورکی.
ئەم یاریزانە 29 ساڵیە سێ جار لەگەڵ ئەیاکس ناسناوی ئێرێدیڤیزی بردووەتەوە و دواجار بۆ ماوەی دووساڵ گرێبەستی لەگەڵ توێنتی کرد، بەڵام بەهۆی پێکانێکی قوڕسەوە لە یانەکەی دابڕا و لە سەرەتای ئەمساڵ گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە.
لۆکۆکی پەنابەری هۆڵەندا بووە و یاریی بۆ لاوانی هۆڵەندا کردووە بەڵام دواتر بڕیاریدا یاریی بۆ هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات بکات.