لە شنگال بەهۆی شەڕی پەکەکە سەدان قوتابی لە خوێندن دادەبڕێن

خەڵکی شنگال جارێکی دیکە ئاوارە بوونە
ئاوارەکانی شنگال
ئاوارەکانی شنگال

K24 – شنگال

شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال، جگە لەوەی بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە، هاوکات زیانی زۆری بە کەرتی پەروەردە گەیاندووە و سەدان قوتابی لە خوێندن دابڕاون.

سامیە شنگالی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە لەمێژ نەبوو گەڕابوونەوە سەر زێدی خۆیان، جارێکی دیکە تووشی ئاوارەیی و ماڵوێران بوونە، شەڕی دەروونی بەرامبەریان دەکرێت، شەڕی ئەم دواییە کاریگەری زۆری کردووەتە سەر ژیانی خەڵکی شنگال".

هاووڵاتییەکی سنووری شنگال بەناوی خەلەف خەلیل گوتی: "ئەو شەڕە کاریگەری زۆری کردووەتە سەر بازاڕ و ژیانی خەڵک و دەتوانین بڵێین ژیان و کاروباری خەڵکی وەستاندووە".

شەڕی نێوان هێزەکانی پەکەکە (یەبەشە) و سوپای عێراق زیانی زۆری بەر کەرتی پەروەردە گەیاندووە و سەدان قوتابی لە خوێندن دابڕاون، مامۆستایەکی ناوچەکە بەناوی ئەلیاس غانم بە کوردستان24ی گوت: "لە سنووری سنونێ و خانەسۆر خەڵکێکی زۆر ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوونە و منداڵەکانیان لە خوێندن دابراون".

مەیسەر حاجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "بەهاوکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی زۆر بۆ ئەو قوتابیانە کراوە کە بەهۆی شەڕ لە سنووری شنگال ئاوارە بوونە، بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، قوتابی هەیە لەکاتی ئاوارەبوون کتێبەکانیشی لەگەڵ خۆی نەبردووە، بەڵام دۆخی ئەو قوتابیانە لە رووی دەروونییەوە زۆر خراپە".