ئۆكرانیا: داگیركاره رووسه‌كانمان نوقمی ئاو كردن
ڤیدیۆ.. به تێكشكاندنی پردێكی ستراتیژی، هێزه‌كانی ئۆكرانیا گورزێكی زۆر گه‌وره له سوپای رووسیا ده‌وه‌شێنێت.. "ته‌واوی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ناوبرا"
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌ولێی ئه‌سۆشێیتیدپرێس، كه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی ئۆكرانی و به‌ریتانی بڵاوكردووه‌ته‌وه، له هێرشێكی هێزه‌كانی ئۆكرانیادا پردێكی ستراتیژی سه‌ر یه‌كێك له رووباره‌كان تێكشكێندرا، كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رووسیاوه بۆ په‌ڕینه‌وه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا به‌كارده‌هێنرا و به‌و هۆیشه‌وه زیانی زۆر گه‌وره‌ی ماددی، سه‌ربازی و لۆجستی به هێزه‌كانی رووسیا كه‌وت.
فه‌رمانده‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانی ئۆكرانیا چه‌ند گرته ڤیدیۆ و وێنه‌ی تێكشكاندنی پرده‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری "سیڤێرسكی دۆنیتس" له ناوچه‌ی بیلۆهۆریڤكا و دواتریش له میدیاكان بڵاوبوونه‌ته‌وه، له دیمه‌نه‌كانیاندا دیاره، كه ژماره‌یه‌كی زۆر تانك و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیش له ده‌وروبه‌ری پرده‌كه له‌ناوبراون.
سوپای ئۆكرانیا دووپاتیكرده‌وه، "له چه‌ند رۆژی رابردوودا شه‌ڕێكی سه‌خت له نێوان هێزه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای رووسیا روویدا و ئه‌وان توانیویانه له‌و هێرشه‌دا 73 تانك و ژماره‌یه‌كی زۆری پێداویستیی سه‌ربازیی رووسی له‌ناو ببه‌ن" و راشیگه‌یاند، "سوپاكه‌یان داگیركاره رووسه‌كانی له ئاودا نغرۆ كردن".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیاش جه‌ختیكرده‌وه، "له‌و هێرشه‌دا رووسیا ته‌واوی ئه‌ندامانی مانۆڕێكی گرنگی سه‌ربازیی له‌ده‌ستدا كه تایبه‌ت بوون به كه‌تیبه‌ی تاكتیكی" و به‌گوته‌ی ئه‌سۆشێیتید پرێس، "هه‌ر كه‌تیبه‌یه‌كی تاكتیكی رووسی به‌لایه‌نی كه‌م هه‌زار سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت، جگه له تانك، زرێپۆش و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كانی دیكه".
وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به ژماره‌یه‌ك زانیاری هه‌واڵگری داوه و رایگه‌یاند، "په‌ڕینه‌وه له‌سه‌ر پردێك له‌ناو ژینگه‌یه‌كدا كه گرژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری تێیدا ده‌گوزه‌رێت، به مانۆرێكی سه‌ركێشییانه‌ی گه‌وره داده‌نرێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فشارانه‌یه، كه ئێستا له‌سه‌ر فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی رووسیا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی سه‌ربازییه‌كه‌یان له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا پێشڕه‌وی بكه‌ن".
H.B