هۆشداری لە برسیێتی جیهانی دەدرێت

گەنمی ئۆکرانیا گیریخواردووە و وڵاتان بە دوای رێگەی جێگرەوەن
گرووپی حه‌وت داوا ده‌كه‌ن رێڕه‌وێك بۆ هه‌نارده‌كردنی گه‌نمی ئۆكرانیا بكرێته‌وه‌
گرووپی حه‌وت داوا ده‌كه‌ن رێڕه‌وێك بۆ هه‌نارده‌كردنی گه‌نمی ئۆكرانیا بكرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت داوا لە رووسیا دەکەن، گەمارۆکانی سەر کەناراوەکانی باشووری ئۆکرانیا بۆ سەر دەریای رەش هەڵبگرێت، تاوەکو پڕۆسەی هەناردەکردنی گەنمی لە رێگەی بەندەرەکانەوە دەست پێبکاتەوە و جارێکی دیکە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا هەناردە بکرێنەوە.

کە ئێستا بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە، بەرهەمە خۆراکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیش هۆشداری لە کارەساتی گەورەدەدات، ئەگەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا بە داخراوی بمێننەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی گرووپی 7 رایگەیاند، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بە توندی کاریگەری کردووەتە سەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی دانەوێڵە و کە دەتوانن بە جەنگی دانەوەڵەی بچوێنن.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە گرووپی 7 کرد رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بگیرێت، لە کاتێکدا قەیرانی برسیێتی لەسەرتاسەری جیهان لە هەڵکشانە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر پڕۆسەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا دەستپێنەکاتەوە، لە چەند مانگی ئایندەدا نزیکە 50 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهان رووبەڕووی برسیێتی دەبنەوە. روونیشیکردەوە، 28 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا گیریانخواردووە و بەهۆی گەمارۆی رووسیاوە ناتوانرێت هەناردە بکرێن.

جێگره‌وه‌ی گه‌نمی ئۆكرانیا

لەگەڵ بەردەوامی قەیرانەکان لە ئۆکرانیا، بەشێک لە وڵاتان پێیان وابوو هیندستان دەبێتە سەرچاوەیەکی جێگرەوەی ئۆکرانیا بۆ دابینکردنی گەنم، بەڵام نیودەلهی رایگەیاند، بەهۆی مەترسیان لە قەیرانی ئاسایشی خۆراك، هەناردەی گەنمیان قەدەغەکرد.

لەدەستپێکی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوو، مۆسکۆ شاری ماریوپۆلی کەنار ئاوی کۆنترۆڵکرد، کە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانە لەسەر دەریای ئازۆف.

لە هەمان کاتدا رووسیا ناوچەی خێرسۆنیشی لەسەر دەریای رەش کۆنترۆڵ کردووە و چەندین مووشەکی ئاراستەی بەندەری ئۆدیسای سەرەکی کردووە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیایە.

لە هەمان کاتدا بەهۆی گرژبوونی جەنگی نێوان هەردوو وڵات، لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتەوە ئۆکرانیا بەندەرەکانی داخستووە و لە بەرامبەریشدا کەشتییە جەنگییەکانی رووسیا و مینی دەریایی بەربەستی گەورەن بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ئۆکرانیا.

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، داخرانی بەندەرەکانیان بەو شێوەیە هاوشیوەی نەبووە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی داتاکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، کشتوکاڵی ئۆکرانیا بەشی خۆراکی 400 ملیۆن کەس ساڵانە پێکدەهێنێت، کە سەدا 30 گەنمی جیهان لەلایەن رووسیا و ئۆکرانیاوە دابیندەکرێت.

ئێستا بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە، نرخی گەنم و زەیت و چەندین بەرهەمی دیکە خۆراکی بۆ ئاستی پێوانەیی بەرزبوونەتەوە.