كۆمپانیایه‌كی ئیماراتی له كوردستان وه‌به‌رهێنان ده‌كات
دووەم گەورەترین کۆمپانیای پیشەسازی خۆراكه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و برنج و هه‌نار و قەزوانی کوردی ده‌كه‌نه براندێكی جیهانی

K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، کۆمپانیای پیشەسازی خۆراکی نێودەوڵەتی ئیماراتی، کە دووەم گەورەترین کۆمپانیایە لە پیشەسازی خۆراك لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەیهوێت وەبەرھێنان لە کشتوکاڵی کوردستاندا بکات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پێشوازی لە دەستپێشخەریی کۆمپانیا ئیماراتییەکە کردووه و رایگەیاند، خاك و کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بۆ کشتوکاڵی لەبار و گونجاوە، دەرفەتیش هەیە کۆمپانیاکانی ئیمارات وەبەرهێنانی تێدا بکەن، بۆ ئه‌مه‌ش هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی کابینەی نۆیەم و دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان گرنگیدان و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکە.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، کۆمپانیا ئیماراتییەکە بڕیارە لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە بەرھەمی کشتوکاڵی کوردستان بەبازاڕبکات، لەوانە برنج و قەزوانی کوردی و ھەنار و بەرھەمەکانی دیکە، به‌نیازن بیكه‌نه براندێکی جیھانی و ھەناردەی بکەن.