حزبە کوردستانییەکان لەگەڵ پلاسخارت گفتوگۆ لەبارەی وادەی هەڵبژاردن دەکەن

لایەنەکان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و جێنین پلاسخارت کۆدەبنەوە
کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێنین هێنس پلاسخارت- 26/5/2022
کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێنین هێنس پلاسخارت- 26/5/2022

K24 – هەولێر

لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق چوار خاڵی پەیوەست بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11 لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەم چوار خاڵە لەخۆدەگرێت:

1- وادەی هەڵبژاردن

2- کاراکردنەوەی کۆمسیۆن

3- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لەرووی یەک بازنەیی و فرە بازنەیی.

4- پاککردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران.

ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەی کۆبوونەوەکەی 26ی مانگی رابردووە، کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، لە نێوان پلاسخارت و حزبە کوردستانییەکان بەڕێوەچوو.