یەکەمین حاڵەتی مردن بە پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا
گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە
K24 - هەولێر
وەزارەتی تەندروستی یەکەم حاڵەتی مردنی بە پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە، خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران بەهۆی تووشبوونی بە پەتای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی هاتووە: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆ دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون".
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی:..
بەداخەوە یەکێک لە گومانلێکراوانی پەتای خوێنبەربوون کە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە، خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران و پشتڕاستکردنەوەی وەکو تووشبووی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ چارەسەریەکانی و کوشندەیی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و وەکو یەکەمین حاڵەتی مردن بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆ دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون.
د. ئاسۆ حەوێزی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
2022/6/11