کۆبوونەوەی دەزگاکانی هەڵبژاردن لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات

لایه‌نه‌كان بۆچوونی خۆیان لەسەر هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسایەکە خستەڕوو

جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌زگاكانی هه‌ڵبژاردن كۆبوونه‌وه‌
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌زگاكانی هه‌ڵبژاردن كۆبوونه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

کاتژمێر 11:30 خوله‌كی ئەمڕووشه‌ممه‌، لێژنە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن، بە سەرۆکایەتی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگا هەڵبژاردنەکانی ئەو حزبانە کۆبووەوه‌، کە خاوەنی کورسی پەرلەمانین.

سەرچاوەیەك لە کۆبوونەوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە راوێژکاری بووە، هەر لایەنێك بۆچوونی خۆی لەسەر هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسایەکە خستەڕوو، لایەنەکان لەسەر هەندێك خاڵ کۆکبوون، وەك ئامادەکردنی تۆمارێکی پاکی دەنگدەران، کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەم پێکهاتەیەی ئێستا.

سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنیش لەرووی یەك بازنەیی و فرە بازنەیی، ئەو سەرچاوەیە بۆ کوردستان24 گوتی: لە کۆبوونەوەکە لایەنەکان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، لە ئەنجامی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، دەبێت ئەو لایەنە سیاسییانەی بۆچوونی جیاوازیان لەسەر پرسەکە هەیە، لە بەشێکی داواکارییەکانی خۆیان دابه‌زن، بۆ ئەوەی لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکبگرنەوە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، له‌ کۆبوونەوەکان بەردەوام بن.

H.B