فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا شه‌مزینان بۆردومان ده‌كه‌ن
ناوچه‌ی زاپ و مه‌تینیان بۆردومانكردووه
K24 – هه‌ولێر
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا له ناوچه‌ی شه‌مزینان، ده‌وروبه‌ری گوندی نێردوشه بۆردومان ده‌كه‌ن.
زۆر شوێنی ده‌وروبه‌ری گوندی نێردوشه‌ی ناوچه‌ی شه‌مزینان له پارێزگای جوله‌مێرگ له لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیاوه بۆردومانكراوه.
ده‌نگی بۆردومانه‌كه له شاری شه‌مزینان تا ده‌ره‌نگانی شه‌وی رابردوو ده‌بیسترا.
میدیاكانی توركیا هه‌روه‌ها باس له بۆردومانی ناوچه‌كانی زاپ و مه‌تین له لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن كه شه‌وی رابردوو، 15 ئامانجی په‌كه‌كه‌یان له ناوچه سنوورییه‌كان بۆردومان كردووه.
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا پێشتر ناوچه‌ی "لیجه"یان له پارێزگای ئامه‌د بۆردومانكردبوو، به‌رپرسانی سه‌ربازی توركیا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئاماژه به ئه‌نجام و زیانه‌كانی بكه‌ن، ته‌نیا باسیان له بۆردومانكردنی 20 شوێنی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه كردبوو.