محەمەد ئەحمەد ئەربیلی کۆچی دوایی کرد
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە (19ـی حوزەیران/ یۆنیۆی 2022)، هونەرمەند، محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
محەمەد ئەحمەد ئەربیلی نزیکەی ساڵێکە بەهۆی نەخۆشی و چوونە تەمەنەوە بەردەوام لە ژێر چاودێری پزیشکدا بووە و ئەمڕۆش بۆ دواجار ماڵئاوایی لە هونەر و نەتەوەکەی کرد.
هونەرمەند، محەمەد ئەربیلی لە ساڵی 1933 لە گەڕەکی تەعجیل لە شاری هەولێر لەدایکبووە، لە لێدوانێکدا خۆی گوتویەتی: ئێمە خەڵکی دەربەندی رایەتین لە دەڤەری باڵەکایەتی و خزمەکانمان لە گوندەژۆرن".
ئەربیلی، لە ساڵی 1944ـەوە لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمە.
یەکێک لە گۆرانیە ناودارەکانی محەمەد ئەحمەد ئەربیلی، گۆرانی (یاڵڵا شۆفێر)ـە کە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و هەردوو هونەرمەند حەسەن زیرەک و ئیبراهیم تاتڵیس وتوویانەتەوە.
ناوبراو لە ساڵی 1959 چووەتە رادیۆی بەغداد و لە بەشی تورکمانی غەزەلێك و چوار قۆریاتی تۆمار كردووه و دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی، ناو دەردەکات و دەنگ و هونەرەکەی لە دڵی خەڵکیدا جێی خۆی كردووهتهوه.