گەورەترین دامەزراوەی گازی سروشتیی ئێران بۆردوومان کرا
ئیسرائیل گەورەترین دامەزراوەی پاڵاوتنی گازی سروشتیی ئێرانیان لە پارێزگای بوشەهر کردە ئامانج. ئەم هێرشە بە هەماهەنگی و رەزامەندیی راستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی و ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکی لەسەر زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گەورەترین کارگە و وێستگەی پاڵاوتنی گازی سروشتییان لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێران بە ناوی (عسولییە) پێکاوه.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە، ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل ژێرخانی وزە و ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆردوومان بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێی ململانێکە و گۆڕینی ستراتیژییەتی جەنگەکە سەیر دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەئامانجگرتنی ئەم کارگەیەی گاز، وەک جێبەجێکردنی ئەو هەڵکشانە سەربازییە دێت کە پێشتر بەڵێنی لەسەر درابوو، هەروەها پێدەچێت ئەمە "یەکەم سوپرایز" بێت کە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئادار، بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم گورزە سەربازییە بەبێ ئاگاداریی ئەمریکا نەبووە، بەڵکو بە هەماهەنگیی تەواو و بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی واشنتن جێبەجێ کراوە.