هۆڵه‌ندا تۆمه‌ته‌كانی له‌ دژی شه‌ڕڤانێكی یه‌په‌گه‌ كشانده‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

حکوومەتی ھۆڵەندا، بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کەیسی تۆمەتبارکردنی ھۆڵەندییەکی دا کە ئەگەر هەبوو دادگایی بکرێت بەهۆی ئەوەی لە ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" دژی داعش لە سووریا جەنگاوە.

بەگوێرەی میدیا ھۆڵەندییەکان، داواکاری گشتی ھۆڵەندا، پاشگەز بووه‌تەوە لە کردنەوەی دۆسێیه‌ك لە دژی جێتسی ئاکسێ تەمەن 47 ساڵ، کە لە سەرەتای ساڵی 2015 رووی لە سووریا کردووە و لەوێدا له‌ ریزی شه‌ڕڤانانی یەپەگە شه‌ڕی دژ داعش كردووه‌.

بەگوێرەی یاسای ھۆڵەندا، نابێت ھیچ ھاووڵاتییەکی ھۆڵەندی لە گرووپە چەکدارەکانی سووریا ببێتە ئەندام.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاته‌كه‌ی، جێتسی ئاکسێ لە لایەن پۆلیسی ھۆڵەنداوە دەستگیرکراوە و دواتر دراوه‌ته‌ دادگا.

داواکاری گشتی ھۆڵەندا لەبارەی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کەیسەکەی لە دژی ئەو ھاووڵاتییە ھۆڵەندییە، رایگه‌یاند، ھیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەست نییە بەوەی بیسەلمێنێت کە جێتسی ئاکسێ بەشداربووە لە کوشتنی خەڵك لەمیانی بەشداربوونی لە شەڕی سووریادا.