به وێنه.. خاوه‌نی فه‌یسبووك له ترسی هاك كامێراكه‌ی داپۆشیوه
مارك زوكه‌ربێرگ له هاك ده‌ترسێت
K24 - هه‌ولێر:
مارك زوكه‌ربێرگ، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای فه‌یسبووك، له كاتی نمایشكردنی بۆ زیادبوونی ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام، كه ئێستا فه‌یسبووك خاوه‌ندارێتی ده‌كات، ده‌ركه‌وتووه به پارچه له‌زگه‌یه‌ك كامێرای لاپتۆپه‌كه‌ی داپۆشیوه.
له وێنه‌كه‌دا، مارك چوارچێوه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئینستاگرامی به ده‌سته‌وه گرتووه و له‌سه‌ری نووسراوه "سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك كه یارمه‌تییان داین بۆ ئه‌و ده‌ستكه‌وته" و وێنه‌كه بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجی زۆربه‌ی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
پێده‌چێت ئه‌و گه‌نجه ملیاردێره، له ترسی هاككه‌ره‌كان، كامێراكه‌ی داپۆشیبێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن له رێگه‌ی كامێرای لاپتۆپهكهوه سیخوڕی به‌سه‌ردا بكه‌ن.
ده‌ركه‌وتنی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی مارك به‌م شێوازه یه‌كه‌مجار نییه و پێشتر و 9 مانگ به‌ر له ئێستادا، له وێنه‌یه‌كی دیكه‌دا، به‌هه‌مان شێوه كامێرای لاپتۆپه‌كه‌ی داپۆشیبوو.
ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا له‌سه‌ر تۆڕیی ئینته‌رنێت هه‌واڵی هاككردنی ئه‌كاونتی تایبه‌ت خاوه‌نی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، راگه‌یه‌ندراو له سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، دیاره ئه‌وه‌ش وایكردووه، مارك سوورتر بێت له‌سه‌ر پارێزگاریكردن له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی.
.jpg)