نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزكردنى ‏كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌‏

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق

K24 - هەولێر:

به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/6/30 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

وێبسایتی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م ‏پرۆسه‌ى سياسى، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاووتوێ كران.‏

ئاماژە بەوەش درا، کە هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگيى گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان به‌ ‏لێكگه‌يشتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى و پێويستيى ‏پاراستنى سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى له‌ وڵات، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ پێويستيى ‏باشتركردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ وڵات كرده‌وه‌.‏

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق و شاندێكى ياوه‌رى
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق و شاندێكى ياوه‌رى

سەبارەت بە كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداوه‌، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتى كرده‌وه‌،‌ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى ‏فيدراڵى عێراق، كليلى ئارامى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراقه‌ و ئاڵۆزكردنى ‏كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه و كه‌س تيايدا براوه‌ نابێت‌.‏

لەلایەکی دیکەوە، گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان له‌ به‌غدا، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ ‏بوارى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.‏