تەقە لە ماڵی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی کرا
پاسەوانێکی بریندارە
K24 – هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرا و پاسەوانێکی برینداربووە.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی هەولێری نوێ، تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کراوە و فیشەکێک بەر قۆڵی یەکێک لە پاسەوانەکانی کەوتووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆکراوە".
پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشدا: "دوای رووداوەکە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس گەیشتوونەتە ماڵی حاجی مەسیفی و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، چەند کامێرایەکی چاودێری هەبوونە و براون بۆ ئەوەی تەقەکەرەکان بناسرێتەوە".
راشیگەیاند: "ماڵی ئەو ئەندامەی سەکردایەتی یەکێتی دەڵێن: ناخۆشیمان لەگەڵ کەس نییە و چاوەڕێین هێزە ئەمنییەکان و دادگا لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و دەستگیربکرێن".
حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: "کاتژمێر 2:5 خولەکی بەیانی ماڵەکەم درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و تەقە لە ژووری خەوتنی من و ژووری پاسەوانەکانم کرا، بە شایەدی دراوسێکانم تائێستا پاسەوانەکانی من نەچوونەتە بەردەرگا پاسەوانی بکەن، بەڵکو لە حەوشەکە دادەنیشن".
گوتیشی: "تەقەکردن لە ماڵی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی مانای هەیە، بۆیە هەر شەو پەیوەندیم بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس کرد و هاتنە شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن، منیش چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان و بڕیاری دادگا دەکەم".