پارێزگاری هەولێر: تەقەکەرەکەی ماڵی حاجی مەسیفی بدۆزینەوە ناسنامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین
"ئەگەر دۆزینەوەی تۆمەتبار جارێک بۆ ئەو گرنگ بێت دە جار بۆ ئێمە گرنگترە"
K24 - هەولێر
پارێزگاری ھەولێر رایدەگەیەنیت، ئەگەر تەقەکەرەکەی ماڵی حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بدۆزرێتەوە ناسنامەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە ماڵی حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای دۆزینەوەی تەقەکەرەکە ھەر كەسێك بێت ناسنامەكەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین".
پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند: "لەبارەی رووداوی تەقەكردنەكە، لەگەڵ حاجی مەسیفی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی قسەم كردووە، ھەر دوای چەند خولەكێك لە تەقەكردنەكە ھێزە ئەمنییەكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی 104، چوونەتە شوێنی تەقەكردنەكە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە پەڕاوەكەشی لەبەردەم دادگایە".
ئومێد خۆشناو، گوتیشی: "ئەگەر دۆزینەوەی تۆمەتبار بۆ حاجی مەسیفی جارێك گرنگ بێت، بۆ ئێمە وەك لیژنەی ئەمنی دە جار گرنگترە، دوای دۆزینەوەی تاوانبار ھەركەسێك بێت ناسنامەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 11/7/2022، لە گەڕەکی هەولێری نوێ تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرا، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ دەستگیرکردنی تەقەرەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.