نازم زەهاوی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دەستپێکرد
وهزیره كوردهكهی بهریتانیا دهیهوێت ببێته سهرۆك وهزیران

K24 - ههولێر:
نازم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەستپێکرد.
دوای ئەوەی ریشی شوناک، وەزیری دارایی بەریتانیا، بە نیشانەی ناڕەزایی بەرامبەر بە بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی وازی لە پۆستەکەی هێنا، نازم زەهاوی ئەو پۆستەی بە دەستەوە گرت.
زەهاوی لە کورتە ڤیدۆییەکدا ئەمڕۆ سێشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، باسی لە وێستگەکانی کارکردنی لەو وڵاتە و سەرکەوتنەکانی دەکات. زەهاوی کاتێک وەک وەزیری پێدانی ڤاکسێن دەستنیشان کرا، توانی لە ماوەیەکی کەمدا پرۆسەکە بە سەرکەوتووانە بەڕێوە ببات.
زەهاوی ئەو کاتەی 11 ساڵان بووە، لەگەڵ خێزانەکەی بۆ بەریتانیا کۆچیان کردووە و وەک خۆی دەڵێت، ئەو کات توانای قسەکردنی بە زمانی ئینگلیزی نەبووە.
زەهاوی پێش لەوەی وەک وەزیری دارایی دەستبەکاربێت، وەزیری پەروەردە بووە. ئەو ساڵی 2010 متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا.
ناوبراو، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی هەبووە. دوای دەستبەرکاربوونی لە پۆستە نوێیەکەیدا وەک وەزیری دارایی، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە زەهاوی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
10 کاندیدی دیكه بێجگە لە زەهاوی لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران دان. بڕیار وایە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا کەسێک لەنێو پارتی پارێزگارانی بەریتانیاوە وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکرێت.
زەهاوی بڕیاری داوە ئەگەر متمانەی پارتەکەی بەدەست بهێنێت، باج لەسەر هاووڵاتیانی بەریتانیا کەم بکاتەوە و بودجەی وەزارەتی بەرگریش زیاد بکات.
From the little boy who spoke no English to a husband, father, self-made businessman, vaccines minister, education secretary, and now Chancellor of the Exchequer.
— Nadhim Zahawi (@nadhimzahawi) July 12, 2022
With a plan to deliver, and a track record of success, I am running to be your next leader. pic.twitter.com/KHqOBt0ZFU