بەهۆی تۆپبارانی تورکیا لە سنووری زاخۆ زیاتر لە 20 گەشتیار بوونە قوربانی
تورکیا چەند ناوچەیەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تۆپباران دەکات

K24- زاخۆ
ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند: "تۆپخانەکانی تورکیا سنووری زاخۆ تۆپباران دەکەن و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە 20 کوژراو و بریندار هەن".
گوتیشی: "تۆپخانەکانی تورکیا هاوینەهەواری گوندی پەرەخ لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ تۆپباران دەکەن، کە ژمارەیەک گەشتیار سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە".
پەیامنێرمان، راشیگەیاند: "ژمارەیەک لە بریندارەکان گەیەندرانە نەخۆشخانەی زاخۆ و لەنێو بریندارەکان منداڵ هەن".
سەرچاوەیەک لە گوندەکە بە کوردستان24ی گوت: "رەنگە ژمارەی برینداران زیاتر بێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامی تۆپبارانەکە نەتوانراوە هەموو شوێنەکە بگەڕێین".