دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: ئامادەین لەڕووی یاساییەوە هاوکاری پێشمەرگە کاکەییەکە بکەین

"جگە لە بێبایەخکردنی هەر هەوڵێك بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری لەو ناوچانە هیچی دیکەتان نەکردووە"

ئەیمەن عەبدین، پێشمەرگەی لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەیمەن عەبدین، پێشمەرگەی لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 - هه‌ولێر:

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی سمێڵ تاشین و ئەشکەنجەدانی پێشمەرگەیەکی کاکەیی دەکەن و ئامادەییان دەربڕیوە بۆئەوەی لەڕووی یاساییەوە هاوکاری بکەن، دەستەکە دەڵێت "ئەوانەی بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەك دەیانەوێت سووکایەتی بە کوردستان بکەن، ئەوە زەلیلیانە بەرامبەر بە پێشمەرگە".

ئەمڕۆ 24ی تەممووزی 2022، دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە "ئەوانەی بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەک دەیانەوێت سووکایەتی بە کورد و کوردستان بکەن، تێناگەن لەوەی ئەوە لە زەلیلی و داماویانەوەیە بەرامبەر پێشمەرگە، پیاوەتی و جوامێری پێشمەرگە لە شەڕی داعش و جەنگی دژی دیکتاتۆریەتدا تاقیکراوەتەوە".

دوێنێ پێشمەرگەیەکی کاکەیی لە لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن ژمارەیەك چەکداری حەشدی شەعبییەوە لە ناوچەی ئامرلی لە سنووری قەزای خورماتوو، ئەشکەنجەدراوە و سەر و سمێڵی تاشراوە.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەو کارە جگە لە بێڕێزی بەرامبەر بە کۆی بەها مرۆڤایەتی و ئاینییەکانی پێکهاتەیەکی گرنگی کوردستان و عێراق و ماناکانی پێکەوەیی و بێبایەخکردنی هەر هەوڵێك بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و بەرەنگاری مەترسییەکانی داعش و تیرۆر لەو ناوچانە و شکاندنی شکۆی خۆتان، هیچی دیکەتان نەکردووە.

هەروەها دەستەکە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆئەوەی هاوکاری و پشتیوانی پێشمەرگە کاکەییەکە بکات، "داواشدەکات لایەنی دەسەڵاتدار لە حکومەتی عێراق سزای تاوانباران بدەن و قەرەبووی دەروونی و ماددی بکەنەوە، تا کەسی دیکە و لە کاتی دیکەدا، بوێری ئەم جۆرە کارانەی نەبێت بەرامبەر پێشمەرگە وەک هێزێکی دەستوری لە عێراقدا".

سمێڵ سمبولێکی تایبەتی کاکەییەکانە و رووداوی تاشینی سمێڵی ئەو پێشمەرگەیە، لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

Fly Erbil Advertisment