ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ ئێرانییەکان: لێرە پارە نابارێت

"سزای تایبەت بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان دیاری بکرێت"

کۆبوونەوەی هەر دوو شاندی بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و سنە
کۆبوونەوەی هەر دوو شاندی بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و سنە

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی  لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە ئێران، رەخنەی لە کوالێتی و شێوەی کاری کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان گرتووە و دووپاتی کردووەتەوە، "لێرە پارە نابارێت".

هەفتەی رابردوو و لەسەر بانگهێشتی ژووی بازرگانی و پیشەسازیی سنە، شاندێکی هاوبەشی ژووری بازرگانی سلێمانی، یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران، یەکێتی ئەندازیاران و یەکێتی بەڵێندەران، سەردانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.

کۆبوونەوەی ئەو دوو لایانە، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێشوو، لەسەر بنەمای پرۆتۆکۆلێکی هاوبەشیانە کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە نێوانیاندا واژوو کراوە.

یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەو کۆبوونەوەیدا بەشدار بوو.

وەک ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران "ئیرنا" بڵاوی کردووەتەوە، یاسین رەحیم، رەخنەی لە شێوەی کاری کۆمپانیا ئێرانییەکان گرتووە.

ئەو گوتوویەتی: لە بازرگانیدا، سەرەڕای گرنگبوونی کوالێتی، شێوەی قوتووبەندی و پابەندبوون بە رێککەوتنەکانیش زۆر گرنگن، بەڵام بەداخەوە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەر سێ بواردا زۆر لاواز کاریان کردووە.

هەروەها یاسین رەحیم رایگەیاندووە، "پێویستە وەبەرهێنەرانی ئێرانی ئەوە بزانن کە لە هەرێمی کوردستان پارە نابارێت، بۆ ئەوەی دوای ماوەیەکی کەم جانتاکانیان پڕ بکەن لە پارە و بگەڕێنەوە، بەڵکو دەبێت بە باشترین شێوە کار بکەن و ماندوو بن، بۆ ئەوەی قازانجێکی باش بکەن".

یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کوردستان24، باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و رەخنەکانی لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کرد.

ئەو، پێشنیاری بە لایەنی ئێرانی کردووە کە بۆ پێشگرتن لە هەناردەکردنی کاڵای ساختەی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی کۆمپانیاکانیان بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان، "سزای تایبەت بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان دیاری بکرێت".