بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی: دیاردەی بردنی ئاسنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا سەریهەڵداوەتەوە

"بە فیشەک فنجانی تاوەرەکان شكێندراون و مەترسی هەیە، تاوەرەکانی گەیاندنی کارەبا بۆ شارەکان بکەون"

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، دیاردەی بردنی ئاسنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا سەریهەڵداوەتەوە و بە فیشەک فنجانی تاوەرەکان شكێندراون و مەترسی ئەوە هەیە، تاوەرەکانی گەیاندنی کارەبا بۆ شارەکان بکەون.

ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی ئابی 2022) لە راگەیەندراوێکیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت "ماوەیەکە دووبارە لە سنووری ناحیەکانی تەکیە، شۆرش، سەنگاو و قەزای چەمچەماڵ دووبارە دیاردەی لێکردنەوە و بردنی ئاسنی تاوەرەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا سەریهەڵداوەتەوە، له‌ سنوورى ناحیه‌ى ته‌كیه‌ش بە فیشەك فنجانى تاوه‌ره‌كان شکێنراوە و ته‌له‌كانیش برینداركراون".

.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو کردەوانە مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە وێستگەی غازی چەمچەماڵەوە بۆ ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی، بکەون و بەهۆیانەوە بێ کارەبا ببن.

هەر لەو راگەیەندراوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانیدا، ئەندازیار سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی گوتوویەتی، تا ئێستا نزیکەى (100) تاوەری ئاسن براوە، بەوەش مەترسی دروستبووە بۆ کەوتنی تاوەرەکان، کە هێڵی ستراتیجی و گرنگن بۆ گواستنەوەی وزەی کارەبا بۆ شارەکان.

داواکاری بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە، بەجددی کاربکرێت بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە.