حه‌شدی شه‌عبی ستایشی هه‌ڵوێستی سه‌در ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له به‌یاننامه‌یه‌كدا ستایشی هه‌ڵوێستی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دری كرد.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ستایشی ئه‌و په‌یامه نووسراوه هاوسه‌نگه‌ی موقته‌دا سه‌در ده‌كات، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ئاراسته‌ی ئه‌ندامی حه‌شدی شه‌عبی كرد.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حه‌شدی شه‌عبی به فه‌رمانده و تاكه‌كانییه‌وه په‌یمان ده‌داته گه‌لی عێراق و مه‌رجه‌عیه‌تی دینی، كه پابه‌ندی پێوه‌ره نیشتمانیی و پیشه‌ییه‌كانی بێت و كار بكات بۆ خزمه‌تی عێراقی خۆشه‌ویست.
پێشتر موقته‌دا سه‌در، له په‌یامێكدا حه‌شدی شه‌عبی و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌یه‌ك جیا كردبوویه‌وه و رایگه‌یاندبوو، حه‌شدی شه‌عبی ناچێته خانه‌ی ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه و به پیشه‌ییانه كاری خۆی ده‌كات.