نوێنه‌ری سه‌در: تاقیكراوان دووباره تاقی ناكرێنه‌وه

K24 -هه‌ولێر:
له گۆڕه‌پانی بۆنه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدای پایته‌خت، ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در نوێژی به كۆمه‌ڵی رۆژی هه‌ینیان ئه‌نجامدا.
له گوتارێكدا موهه‌نه‌د موسه‌وی، نوێنه‌ری موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاند، عێراق بووه‌ته دیلی گه‌نده‌ڵی، حكومه‌ته‌كانی سازان بوونه‌ته هۆكاری به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت، سامان و كه‌مبوونی خزمه‌تگوزاری.
موسه‌وی راشیگه‌یاند، به‌هۆی حكومه‌ته‌كانی پێشووی عێراقه‌وه، ئه‌م وڵاته له سه‌رووی لیستی وڵاتانی گه‌نده‌ڵدایه، كه سیاسه‌تی پشكپشكێنه وتایفهگهریان پێڕه‌و كرد.
نوێنه‌ری سه‌در ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، چه‌ك و گرووپه چه‌كدارییه نایاساییه‌كان، ئاستی ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك بۆ خوار هه‌ژاری دابه‌زیووه.
گوتیشی: "ده‌رگاكان به‌رووی گه‌نده‌ڵكارانه‌وه داخراون، تاقیكراوانیش دووباره تاقی ناكرێنه‌وه".
پشتگیریشی له داواكه‌ی سه‌در له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد و گوتی: "هاواری لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در ده‌ستیپێكرد، خۆشه‌ویستی وڵات پێویستی به قوربانی هه‌یه و پێویسته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆش جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بۆ بینینی موقته‌دا سه‌در، گه‌یشته نه‌جه‌ف.
پلاسخارت و سه‌در، له حه‌نانه (باره‌گای سه‌ره‌كی موقته‌دا سه‌در)، له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق و پێشهاته‌كانی، كۆبوونه‌وه.
پتر له 300 رۆژه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق به‌ڕێوه‌چووه، تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاته نه‌یانتوانیووه حكومه‌ت و سه‌رۆككۆماری نوێ دیاریبكه‌ن، دۆخه‌كه چووه‌ته قۆناغی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی.