فه‌یاز و عامری له‌گه‌ڵ سه‌در كۆده‌بنه‌وه

K24 -هه‌ولێر:
میدیا عێراقییه‌كان ئاشكرایانكرد، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له موقته‌دا سه‌در، فالح فه‌یاز و هادی عامری، له نه‌جه‌ف كۆده‌بنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا عێراقییه‌كان، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 5ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و نه‌جه‌ف به‌ڕێكه‌وتن، بڕیاره ئێواره له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كۆببنه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 5ـی ئاب/ئۆگێستی 2022) جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بۆ بینینی موقته‌دا سه‌در، گه‌یشته نه‌جه‌ف.
پلاسخارت و سه‌در، له حه‌نانه (باره‌گای سه‌ره‌كی موقته‌دا سه‌در)، له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق و پێشهاته‌كانی، كۆبوونه‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له گۆڕه‌پانی بۆنه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدای پایته‌ختی عێراق، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در بۆ ئه‌نجامدانی نوێژی به كۆمه‌ڵی رۆژی هه‌ینی كۆبوونه‌وه.
له رۆژی شه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوودا، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در چوونه سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت.
له كۆتایی هه‌فته‌دا له‌سه‌ر داوای موقته‌دا سه‌در، خۆپیشانده‌ره مانگرتووه‌كانی ره‌وته‌كه، له هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كشانه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه ده‌ستیان به مانگرتن كرد.
ره‌وتی سه‌در، داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات.
پتر له 300 رۆژه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق به‌ڕێوه‌چووه، تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاته نه‌یانتوانیووه حكومه‌ت و سه‌رۆككۆماری نوێ دیاریبكه‌ن، دۆخه‌كه چووه‌ته قۆناغی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی.