له ناوچه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغی كابوول ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روویدا
داعش به‌رپرسیاریه‌تی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆگرت
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له كابوولی پایته‌ختی وڵاته‌كه روویدا، كه له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه 8 كه‌س كوژران و 18 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
خالید زه‌ردان، گوته‌بێژی پۆلیسی كابوول ئاشكرایكرد، ته‌قینه‌وه‌كه له ناوچه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغ روویداوه و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه.
گرته ڤیدیۆییه‌ك له تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه، كه هه‌ر دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی تۆماركراوه، ژماره‌یه‌ك كه‌س له‌وێ راده‌كه‌ن و هه‌ندێك خه‌ڵكیش بۆ یارمه‌تیدانی برینداره‌كان دێنه پێشه‌وه.
داعش به‌رپرسیاریه‌تی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆگرت
رێكخراوی تیرۆریستی داعش له راگه‌یه‌ندراوێكدا له كه‌ناڵی تایبه‌تی خۆیان له تێلیگرام رایانگه‌یاند، ئه‌وان ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژئاوای پایته‌ختی ئه‌فغانستان ئه‌نجام داوه، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان بێت، 20 كوژراو و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی "عه‌ره‌بیه"، له‌وه‌ته‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بوونه‌ته فه‌رمانڕوای وڵاته‌كه، ژماره‌ی هێرش و ته‌قینه‌وه‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام له مانگی نیسانی رابردووه‌وه، زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه ده‌ستیپێكردووه، له مانگی ئایاریش ده‌یان كه‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كوژران.
Two explosions in Kabul attacking Hazras. 8 killed and over 30 injured. pic.twitter.com/SkZi0jkSXT
— Aditya Raj Kaul (@AdityaRajKaul) August 5, 2022
سه‌رجه‌م ئه‌م ته‌قینه‌وانه له‌لایه‌ن داعشه‌وه به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌ی لهئهستۆگیراوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئامانجی ته‌قینه‌وه‌كان كه‌مینه ئایینییه‌كانی ئه‌فغانستانه.
هه‌رچه‌نده بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه به‌سه‌ر رێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندا زاڵ بووه، به‌ڵام به گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌ی چاودێره سیاسییه‌كان، هێشتا داعش مه‌ترسییه بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی ده‌سه‌ڵاتی نوێی ئه‌فغانستان.