رووسیا مانگێکی دەستکردی ئێرانی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد
"توانای بێ وێنە دەداتە ئێران بۆ چاودێریکردنی ئامانجە سەربازییەکان لە ئیسرائیل"
K24 - هەولێر:
لە بنکەی بایکۆنۆر لە کازاخستان، مانگی دەستکردی "خەیامی" ئێرانی لەلایەن رووسیا و لە رێگەی مووشەکەی سۆیۆز رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.
لە چەند رۆژی رابردووشدا رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، ئەو مانگە دەستکردە لەلایەن رووسیاوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێندرێت و دواتر کۆنتڕۆڵی مانگە دەستکردەکە رادەستی ئێران دەکرێتەوە.
لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆست باس لەوە کراوە، ترسی ئەوە هەیە کە مانگە دەستکردەکە نەک تەنها یارمەتی رووسیا بدات لە ئۆکرانیا بەڵکو "توانای بێ وێنە" دەداتە ئێران بۆ چاودێریکردنی ئامانجە سەربازییە ئەگەرییەکان لە ئیسرائیل و سنوورێكی فراوانتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەسەڵاتدارانی ئێرانیش رەتیانکردەوە، مانگە دەستکردەکە لەلایەن مۆسکۆوە بۆ مەبەستی هەواڵگری و چاودێریکردنی ئۆکرانیا بەکاربهێندرێت و رایانگەیاندووە، مانگی دەستکردی خەیام بۆ مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی ئێران و پشتیوانی کشتوکاڵ و ئاو و رووداوە سروشتییەکان بەکاردەهێنن.
میدیای فەرمی ئێرانیش رایگەیاند، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران، یەکەمین داتای مانگە دەستکردەکەیان پێ گەیشتووە.
مانگی دەستکردی خەیام، بە ناوی شاعیر و فەیلەسوفی فارسی سەدەی 11 عومەر خەیامەوە ناونراوە.