دوای 15 ساڵ هەردوو حزبی دیموکرات یەکدەگرنەوە

تا کۆنگرەی داهاتوو لە چوارچێوەی ئەنجومەنێک کارەکان بە هاوبەشی بەڕێوەدەبەن
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

دوای 15 ساڵ دابڕان ھەردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان بڕیاریاندا كە یەكبگرنەوە، ھەردوولا لەسەر میكانیزمەكانی یەكگرتنەوەو تەنانەت شێوازی كۆنگرەی داھاتووش رێكکەوتوون، ھەر وەكوو ئاماژەیەك بۆ تەواوبوونی پرۆسەی یەكگرتنەوە، رۆژی سێشەممەی رابردوو 16/8/2022 رێورەسمی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی دیموكراتیان بەیەكەوە بەرێوەبرد.

دوای زیاتر لە ساڵێک گفتوگۆی نێوانیان هەردوو حزبی دیموکرات ( حدک) و (حدکا) گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکەوە کارکردن و یەکگرتنەوە.

محه‌مه‌د نه‌زیف قادری، لە گفتوگۆکان بەرپرسی شاندی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستان لەمپەرەکانی بەردەمیان لابەرن و میکانیزمی گونجاو بۆ یەکگرتنەوە دابنێن. ئەو بە کوردستان24ی گوت: "ئەوانەی ئارەزووی سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەکەن، رۆژیان دەژمارد تا پرۆسەی یەکگرتنەوە بە ئاکام بگات".

گوتیشی: "یەکگرتنەوەی حزبی دیموکرات متمانە و هیوای زیاتر بە خەڵک دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوکات هیوایەکیش بە حزب و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت".

حزبی دیموکراتی کوردستان لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مهاباد-ی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، دامەزرێنەری ئەو حزبە پێشەوا قازی محەمەد بوو کە کۆماری کوردستانی دامەزراند، بۆ سێیەم جار لە کۆنگرەی 13 لێکترازان لە حزبی دیموکراتی کوردستان روویدا، 15 ساڵ بەناوی دوو حزبی جیا کاریان دەکرد.

کەمال کەریمی، بەرپرسی شاندی حزبی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەشێک لە رێککەوتنەکەمان لەسەر ئەوەیە لە قۆناغی یەکەمدا تا بەستنی کۆنگرە ئەنجومەنێکی 12 کەسیمان دەستنیشان کردووە، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی کاربکەین، بەگوێرەی ئەو میکانیزمانەی دیارمان کردووە مستەفا هیجری بەرپرسی ئەنجومەنەکە دەبێت، خالید عەزیزی وەک وتەبێژی حزب ئەرکەکانی بەڕێوە دەبات".

بەگوێرەی رێککەوتنەکە لەمەودوا ئەو حزبە بە لۆگۆی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چالاکییەکانی دەکات، وەکو ئامانجی سیاسیی، داوای ئێرانێکی فیدراڵی دیموکراتی و سیکۆلار دەکەن، وەکخۆیان دەڵێن یەکگرتنەوەیان گڕوتینی زیاتر دەداتە ئەندام و لایەنگرانیان بۆ ئەوەی درێژە بەو رێبازە بدەن کە 77 ساڵە لەسەری بەردەوامن.