ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌مجار خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی بێنزێما ده‌كات

كه‌ریم بێنزێما هیرشبه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید
كه‌ریم بێنزێما هیرشبه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید

ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، له‌گه‌ڵ راكێشانی تیروپشكی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ، مەڕاسیمی دیاریکردنی باشترین یاریزانی ئەوروپا بۆ وەرزی رابردوو بەڕێوەدەچێت، لە نێوان کەریم بێنزێما و تیبۆ کۆرتوا و کیڤن دێ برۆین یەکێکیان دەبێتە براوەی خەڵاتەکە.

كەریم بێنزێما دوای بەڕێکردنی ئاستێکی باش لەگەڵ یانەکەی لە وەرزی رابردوو و بەدەستهێنانی چوار ناسناو، یەکێکه‌ له‌ به‌ربژێره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا.

بێنزێما جاری یەکەم ناوی لە 3 به‌ربژێری کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا دەبینێت، هەروەها سێیەم یاریزانی فەرەنسیە لەوەتەی خەڵاتەکەی پێشکەش دەکرێت، ناوی دەچێتە سێ به‌ربژێری کۆتایی، لە دوای ئانتوان گریزمان و نگۆلۆ کانتی.

تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی ریال مەدرید، یەکێکی دیکەیە لە کۆتا پاڵێوراوانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی ئەوروپا و لەگەڵ بێنزێمای هاوڕێیەکەی و هەروەها دی برۆینی هاونیشتیمانی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەکات.

کۆرتوا دەیەوێت ببێتە یەکەم گۆڵپارێز لە مێژوودا خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا بەدەست بێنێت، پێشتر هەر یەکە لە مانوێل نۆیەر و بوفۆن پاڵێوراو بوون، بەڵام نەبونە براوەی خەڵاتەکە، هەروەها گۆڵپارێزەکەی مێرنگی، لە دوای دی برۆین دەبێتە دووەم یاریزانی بەلجیکی ناوی لە سێ پاڵێوراوی کۆتایی بێت.

کیڤن دی برۆینی ناوەڕاستکاری بەلجیکیش یەکێکی دیکە لەو سێ پاڵێوراوانەی کۆتاییە کە رکابەری دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی ئەورووپا.

ناوەراستکارەکەی ستیزن هەرچەندە وەرزی رابردوو نەیتوانی لەگەڵ یانەکەی بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام بەهۆی ئاستە بەرزەکەی ناوی لە سێ پاڵێوراوی کۆتاییە، دی برۆین سێیەم ساڵی لەسەر یەکە ناوی لە سێ پاڵێوراوی کۆتاییە و لە دوو وەرزی رابردووش هەرگیز نەیتوانیوە خەڵاتەکە بباتەوە.