یەکێتی شوێنی ئەندامە دوورخراوەکانی سەرکردایەتی پڕدەکاتەوە

لەمەودوا سیستمی سەرۆک و جێگر لەناو یەکێتی پەیڕەو دەکرێت

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی - 28/8/2022
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی - 28/8/2022

K24 – سلێمانی

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ بڕیاردان لەسەر چەند پرسێکی ناوخۆی لە کۆبوونەوەدایە و یەکێک لە بڕیارەکانیش شوێنی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی پڕ دەکرێتەوە کە پێشتر لە ریزەکانی حزبەکە دوورخرابوونەوە.

دالیا کەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکان ئەوەیە سیستمی هاوسەرۆکی هەڵدەوەشێتەوە و سیستمی سەرۆک و جێگر دادەنرێت، بە فەرمی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی حزبە دەناسێرێت و جێگرێکی بۆ دیار دەکرێت.

گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، شوێنی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی پڕدەکاتەوە کە پێشتر لە ریزەکانی خۆی دووری خستوونەتەوە، چەند کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەوان دیاردەکرێن".

راشیگەیاند، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار دەدات ئەو بڕیارانەی لە 8ی تەممووزی 2021 لەبارەی ناوخۆی حزبەکە دەریکردون لە هەموو ئۆرگانەکان جێبەجێبکرێن.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی تایبەتە بە کێشەکانی پارێزگای سلێمانی.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان 21/12/2019، دوای کۆچی کۆنگرەی چوارەمی بەست و بڕیاریدا سیستمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە جێگیرکرا، بەڵام دواتر بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان ئەو سیستمە سەرکەوتوو نەبوو، لە 8/7/2021 کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی تەقییەوە و بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دوورخستەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرک و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی دەرکرد.

Fly Erbil Advertisment