خۆپیشاندەران لە دەوروبەری کۆشکی کۆمارین
K24 - هەولێر:
کەمێك پێش ئێستا، خۆپیشاندەران نزیک بەربەستەکانی کۆشکی کۆماری لە ناوچەی سەوزی بەغدا بوونەتەوە و یەکێک لە خۆپیشاندەران کە بۆ کوردستان24 قسەی کرد، گوتی: "ئێمە فیدایین بۆ موقتەدا سەدر، هاتووین دەستبەسەر کۆشکەکان دابگرین".
پاش ئەوەی موقتەدا سەدر وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند، دۆخی بەغدا ئاڵۆزی تێکەوتوو و خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن بەربەستەکانی ناوچەی سەوز ببڕن.
پەیامنێری کوردستان24 لەناو خۆپیشاندەران رایگەیاند، تا دێت ژمارەی خۆپیشاندەران زیاتر دەبێت و خەڵکی بە لێشاو روو لە ناوچەی سەوز دەکەن.
ئەمڕۆ دووشهممه 29ـی ئابی 2022، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لەکاری سیاسی راگهیاند و، ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، بەڵام نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
هەر لە میانی ئەم بڕیارەدا سەدر داوای کرد، زۆربەی دامودەزگایەکانی سەر بە رەوتەکەی دابخرێن. وەک ئاماژەیەکیش بۆ دەستبەرداربوونی موقتەدا سەدر لە کاری سیاسی لە هەژمارە تایبەتەکانی وەزیرەکەی سەدر وێنەیەک بەناونیشانی "داخراوە" بڵاوکراوەتەوە
ئەم بڕیارەی سەدر دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ کازم حائیری، کە بە مەرجەعی رەوتی سەدر لە عێراق دادەنرێت رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە توانای کاری ئایینی نهماوه و داوای لەلایەنگرانی كردووه، پابەندی رێنماییەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بن.
لە بارەی ئەم بڕیارەی کازم حائیری، موقتەدا سەدر گوتی "بڕیارەکەی کازم حائیری ئارەزوومەندانە نییە".
حائیری داوای لە باوەڕداران کردووه، گوێڕایەڵی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی، عەلی خامنەیی بن، ئەو شایستەترین کەسە بۆ سەرکردایەتیکردنی میللەت و بهرههڵستیكردنی ستهمكاران، هەروەها پێكهوه یەکڕیزی بپارێزن و رێگهنهدهن نهیارانی وڵات ئاگری ناکۆکی و ململانێ بنێنهوه.
لهكۆتاییدا حائیری داوایكردووه بەعسی، تاوانباران و گەندەڵەکان لە پۆست و بەرپرسیاریەتییەکانی وڵات دووربخرێنەوە.
گەورە مەرجەعی شیعە، کازم حائیری یەکێکە لە مەرجەعەکانی شیعە و ئێستا نیشتەجێی حەوزی قومە لە ئێران و فەتواکانی لە نێو بەشێکی دیاری شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە پەیڕەودەکرێن.