له‌باره‌ی راگرتنی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت روونكردنه‌وه ده‌درێت
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به میدیاكانی راگه‌یاند، پڕۆسه‌ی به‌رهه‌هێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌و سه‌رچاویه روونیشیكردووه‌ته‌وه، گرژی و ئالۆزییه‌كانی به‌غدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت نه‌كردووه و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی سه‌رجه‌م كاره‌كان له كێڵگه نه‌وتییه‌كان و پاڵاوگه‌كان به‌رده‌وامن.
به‌هه‌مان شێوه، وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی عێراق ئاشكرایكرد، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ راگرتنی هێڵی ئینته‌رنێت له عێراق. به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كان له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سه‌رتاسه‌ری له عێراق، ده‌نگۆی راگرتنی هێڵی ئینته‌رنێت له‌و ناوچانه‌ی گرژی و ئاڵۆزی تێیدا به‌رده‌وامه. هه‌ر بۆیه وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، هیچ ئاراسته‌یه‌ك نییه بۆ راگرتنی هێڵی ئینته‌رنێت له عێراق و له پلانیاندا نییه ئه‌و هه‌نگاوه‌بنێن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌هۆی راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سه‌رتاسه‌ری له عێراق، هاووڵاتییان به لێشاو روو له به‌نزینخانه‌كانی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی دروستبوونی قه‌ڕه‌باڵه‌غییه‌كی زۆر.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 29ـی ئابی 2022، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌ڕاسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی گشتی له كاتژمێر 7ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق تا كاتێكی نادیار ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتیان روویان له به‌نزینخانه‌كان كردووه.
به‌رده‌وامی ئاڵۆزییه‌كانی به‌غدا كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر دۆخی خه‌ڵك دروستكردووه و هاووڵاتیان له سۆشیال میدیا وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆیان، ناڕه‌زایی ئه‌وه‌شیان ده‌ربڕییوه كه به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و راگه‌یاندنی له‌ناكاوی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی گشتی، ده‌بێته مایه‌ی زیان و دروستبوونی قه‌یرانی زیاتر به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی بژێوی ژیانیان سنوورداره و په‌یوه‌سته به كاركردنی رۆژانه‌وه.