گۆڕان و یه‌كێتی یه‌كڕیزی كورد تێكده‌ده‌ن
مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه به‌غدا ئه‌م دابه‌شبوونه بۆ مه‌رامی خۆی بقۆزێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی هاوبه‌شی فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ به‌غدا بڵاوكردووه‌ته‌وه و سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌وه داناوه كه یه‌كه‌م جاره كورد به شاندی جیاواز ده‌چنه به‌غدا بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان و ئه‌م هه‌نگاوه‌شی
بەسەرەتایەکی ترسناك داناوه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی خستووه‌ته ڕوو به‌غدا له‌پاش ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی شاندی كوردی، یاری به پرس و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداوه بكات.
ڕۆژنامه‌ی شەرقول ئەوسەت لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی:" له دوای ساڵی ٢٠٠٣ وه به‌رده‌وام كورد بە شاندی یەکگرتوو سەردانی بەغدای کردووە و ئه‌مه یەکەم جارە شاندی دوو لایه‌ن به جودا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ دەکات".
رۆژنامەکە ئاماژەی به لێدوانی دوو بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی یاسا كردووه و نوسیویه‌تی:" عەرەفات کهرەم" کە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتویه‌تی :"هەر جۆرە گفتوگۆ و رێکەوتنێک ئەگەر پارتی تێیدا بەشدار نەبێت سەرکەوتوو نابێت، چونکە پارتی خاوەنی زۆرترین جەماوەر و كورسی پەرلەمانه و بهشدارهی كارای لهحکوومەتدا هەیە.
لەبەرامبەریشدا موەفەق روبەیعی ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسا كه نوری مالیکی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه:" کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بەهەنگاو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەولێر هەڵبوەشێنینەوە".
لای خۆیه‌وه عه‌ره‌فات كه‌ره‌م ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران عێراق له فراكسیۆنی پارتی" داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کردووە، ئەگەر دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ هەولێر چارەسەر بکات، پێویستە لەرێگه‌ی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هه‌وڵی چارەسەرییان بۆ بدات نەک لەرێگەی حیزبەکانەوە.
روبەیعیش دەڵێت:" پێویستە لەمەودوا بزانین گفتوگۆ لەگەڵ کێ دەکەین و کێیە داوای جیابوونەوە ده‌كات و كێیه داوای فیدڕاڵی و مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا دەکات".
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه :" كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌پێی ڕێككه‌وتنی ساڵی 1970 مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا بكه‌ن و په‌یوه‌ندیی ببه‌ستن، به‌ڵام حکوومەتی هەرێـمی کوردستان وەک وڵاتێکی دراوسێ مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات، خۆی لەبەرامبەر بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق ده‌دزێته‌وه و ده‌یه‌وێت ڤیتۆی هەبێت".
لەبەرامبەردا مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێڕاق، لەبارەی ئەم کۆبوونەوانە و پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شەرقول ئەوسەتی راگەیاندووه:" کۆبوونەوەکان زیاتر بۆ خستنەڕووی گۆشە نیگای هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بووە بۆ حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق لە بارەی کۆی بابەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، هەروەها لە ڕووی مەبدەئیەوە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر مافە نەتەوەییەکان یەکدەنگین، بەڵام پێویستی بە زەمینە سازی هەیە، چونکە پەرلەمان و حکوومەت ئیفلیج کراون".
شەرقول ئەوسەت لە کۆتاییدا نوسیویەتی:" تا ئەمڕۆ ئەگەر ناکۆکی و تەنانەت خوێنیش لە نێوان لایەنە کوردییەکان هەبوایە، بەیەک شاند دەهاتن بۆ بەغدا، بەڵام ئەمجارە ئاماژەی مەترسیدار له‌سه‌ردانی شاندی ئه‌و دوو لایه‌نه كه گۆڕان و یه‌كێتییه ده‌خوێنرێته‌وه و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه به‌غدا ئه‌و دابه‌شبوونه بقۆزێته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و په‌ته یاری بكات.