پوتن: ئۆكرانیا دانوستاندن ره‌تده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ڤلادیمێر پوتن رایگه‌یاند، رووسیا ئاماده‌یه دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئۆكرانیایه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام گفتوگۆكان ره‌تده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌یینی 16ـی ئه‌یلوولی 2022، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا لە پەراوێزی لوتکەی شەنگەهای لە شاری سەمەرقەندی ئۆزبەکستان رايگه‌یاند، رووسیا هه‌موو كاتێك ئاماده‌ی ئه‌نجامدانی گفتوگۆكان بووه له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه‌ی كه به‌رده‌وام گفتوگۆكان ره‌تده‌كاته‌وه، ئۆكرانیایه، نه‌ك رووسیا. ده‌شڵێت، " ئۆكرانیا كار بۆ ئامانجه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات".
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له ئێستادا هیچ بیانوویه‌ك نییه وا له رووسیا بكات كۆتایی به‌و جه‌نگه بهێنێت كه له‌دژی ئۆكرانیا ده‌ستیان پێكردووه، ئامانجی سه‌ره‌كیشیان له‌و جه‌نگه كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ناوچه‌ی دۆنباسه و، پلانه سه‌ربازیشییه‌كه‌یان پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه نییه.
له‌باره‌ی كۆتایی هێنان به‌شه‌ڕی نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئۆكرانیا، پوتن گوتی: نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، توركیا و زۆر وڵاتانی دیكه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن دۆخه‌كه ئاسایی بكه‌نه‌وه و نێوه‌ندگیری بكه‌ن له نێوان ئێمه و ئۆكرانییه‌كاندا، به‌ڵام تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌كی راسته‌وخۆمان نه‌بووه، با بزانین له‌داهاتوودا چی رووده‌دات.
سه‌رۆكی رووسیا له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا باسی له هه‌نارده‌كرنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا بۆ ئه‌وروپا و به‌شێك له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد و رایگه‌یاند، کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ ئه‌وروپا و جیهان و، تا ئێستا 35%ـی باری دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوه گەیشتووەنه‌تە ئەوروپا.