گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

ژینا ئەمینی
ژینا ئەمینی

K24 - هەولێر

بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندانی فراوان لە تاران بەڕێوەچوو و هێڵی ئینتەرنێتیش لە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە سنووردارکرا.

دوای ئەوەی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تاران بە بیانووی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی ئەشکەنجە درا و دوێنێ 16ی ئەیلوولی 2022 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، رووداوەکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە.

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە تاران تا درەنگانی شەوی رابردوو خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچووە و خەڵکی ناڕەزایەتییان بەرامبەر هەڵسوکەوتی هێزەکانی ئێران و سنووردارکردنی ئازادییەکان دەربڕیووە و ئەو کردەوەیەی پۆلیسیان سەرکۆنە کردووە.

خۆپیشاندەران درووشمی جیاوازیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتووەتەوە و چالاکوانانیش بە کوردستان24یان راگەیاند، هێڵی ئینتەرنێت لە تاران و بەشێکی ئێران سنووردار کراوە، بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزیی و خۆپیشاندانەکان.

خاڵی ژینا ئەمینی، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی ژینا دەگاتەوە شاری سەقز و لەوێ بە خاکدەسپێردرێت، چاوەڕێش دەکرێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەشکەنجەدانی ژینا رێکبخرێت.