داوای مانگرتنی گشتی لە خەڵکی ئێران دەکرێت

"ئەو بێدەنگییە بشکێنن"
ئەو وێنەیە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە و گوایە بنەماڵەی (ژینا ئەمینی)ـین لە پێش دەرگای هۆڵی نەشتەرگەری
ئەو وێنەیە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە و گوایە بنەماڵەی (ژینا ئەمینی)ـین لە پێش دەرگای هۆڵی نەشتەرگەری

K24 – هەولێر

بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا داوای مانگرتنی گشتیان لە خەڵکی ئێران کرد. لە بەشیکی بەیاننامەکەدا هاتووە، "ژینا ئەمینی یەکەم قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە ژن و مرۆڤ نییە و دواهەمینیش نابێت".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئاسایشی شەقامی شارەکانمان بۆ ژنان، لەبار نییە و سەرەکیترین هۆکاری نەبوونی ئاسایشیش، هێزی ئیرشادە". [ئیرشاد، هێزێکی تایبەتە بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی]

ئەو چالاکڤانانە دەڵێن، "کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵای دەسەڵاتدارێتی خۆی لەسەر تەرمی سەدان و هەزاران ژنانی قوربانیی توندوتیژی حکومی و کۆمەڵایەتی، هەڵداوە".

چالاکانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەیان بە "بێتاقەتبوونی ئایدیۆلۆژیانەی حکومەت لە بەرانبەر ژنانی ئێرانی" داوە و داوایان لە خەڵکی ئێران کردووە "ئەو بێدەنگییە بشکێنن".

دوای ئەوەی ژینا ئەمینی (مەهسا)، کچە کوردی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تاران بە بیانووی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی ئەشکەنجە درا و دوێنێ 16ی ئەیلوولی 2022 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، رووداوەکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە.

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە تاران تا درەنگانی شەوی رابردوو خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچووە و خەڵکی ناڕەزایەتییان بەرامبەر هەڵسوکەوتی هێزەکانی ئێران و سنووردارکردنی ئازادییەکان دەربڕیووە و ئەو کردەوەیەی پۆلیسیان سەرکۆنە کردووە.

خۆپیشاندەران درووشمی جیاوازیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتووەتەوە و چالاکوانانیش بە کوردستان24یان راگەیاند، هێڵی ئینتەرنێت لە تاران و بەشێکی ئێران سنووردار کراوە، بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزیی و خۆپیشاندانەکان.

ئەمڕۆ تەرمی ژینا گەیشتەوە شاری سەقز و لە ناو ئاپۆرای خەڵک و لە گۆڕستانی "ئایچی" بە خاکسپێردرا.